5/12/2020 07:42 PM

گوڵدانی ژن بڵاوده‌كرێته‌وه

نوێترین كتێبی ژنه‌ سیاسه‌تمه‌دارو نووسه‌ر نه‌رمین عوسمان به ‌ناوی گوڵدانی ژن چاپكراو به‌مزووانه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

نووسه‌ر له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: گوڵدانی ژن كه‌ ناوی كتێبه‌كه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتنی گرنگی تیادایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی به‌شداری كارایان له‌ كایه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسه‌ت و هونه‌ر كردووه‌.

نه‌رمین عوسمان وتیشی: كتێبه‌كه‌م 33 چاوپێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌ی له‌ بواره‌كه‌ی خۆیاندا پێشه‌نگ بوون، هه‌ریه‌كه‌یان زۆریان بۆ پێشكه‌وتنی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان كردووه‌و بگره‌ قوربانی زۆریشیان داوه‌و زۆربه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌ مێژووییه‌كانی ئێستای كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌گه‌ڵ پیاوان ده‌كرێت وه‌كو ئه‌وه‌ی ژن بوون رۆڵی نه‌بووبێت له‌ پێشخستنی كۆمه‌ڵگه‌و بواره‌كانی دیكه‌شدا، من ئه‌وه‌م كرده‌ پرۆژه‌یه‌ك و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ خه‌ریكیم و ده‌مه‌وێت ناو و كاری ژنانی كۆمه‌ڵگه‌م ون نه‌بێت.

كتێبی گوڵدانی ژن، له‌ دووتوێی 486 لاپه‌ڕه‌داو به‌ تیراژی 500 دانه‌ چاپكراوه‌و ده‌بێته‌ حه‌ڤده‌یه‌مین به‌رهه‌می ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌.


خاك - پوكمیدیا



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved