6/12/2020 03:57 PM

کۆریای باکوور پیاوێکی بەتەمەن گوللەباران دەکات

کۆریای باکوور پیاوێکی بەتەمەن بەهۆی پێشێل‌کردنی رێوشوێنەکانی تایبەت بە کۆرۆنا گوللـەباران دەکات بۆ ئەوەی هۆشدار بداتە هاووڵاتیان کە دەبێ پابەندنی فەرمان و رێوشوێنەکانی حکومەت بن. دەگوترێ ئەم پیاوە لە بەر چاوی هاووڵاتیاندا گوللەباران کراوە. سەرچاوە خۆجێییەکان شوناسی ئەم پیاوە تەمەن 50 ساڵەیان نەدرکاندووە بەڵام پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەو پاش تێپەڕاندنی سنووری داخراوی کۆریای باکوور و چین و بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی نایاسایی گوللـەباران کراوە.
ئەم پیاوە 28 نۆڤەمبەر لەلایەن دەزگای سێدارەی و بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی کەرەنتینە لە بەر چاوی خەڵک کوژرا. حکومەتی کۆریای باکوور لەوە دەترسێت ئەوانەی کە سنووری چین دەبەزێنن و دێنە ناو ئەم وڵاتەوە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن و هەر بۆیە سنوورەکانی بەڕووی گەورەترین هاوبەشی بارەزگانی خۆیدا داخستووە. هەر بۆیە ژمارەی پاسەوانانی سنوور زیادیان کردووە، هێزە تایبەتەکان رەوانەی سنوورەکان کراون و فەرمان دراوە بە سەربازەکان هەر کەسێک زیاتر لە کیلۆمەترێک لە سنوور نزیک بووەوە تەقەی لێبکەن.
لە مانگی نۆڤەمبەردا، پیۆنگ یانگ یەکەیەکی دژەئاسمانی لە هەندێک لە خاڵە سنوورییەکان بۆ بەرگیری لە هاتوچۆی هاوڵاتیان لە سنوورەکان جێگیر کرد. دوو هەفتە لەمەوبەریش سەربازێکی کۆریای باکوور لە کاتی دانانی مین لە سنوورەکانی ئەم وڵاتە کە بە فەرمانی کیم جونگ ئوون ئەنجامدرا، کوژرا. ئەم سەبازە بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری چین و لە ناوچەی یانگ کانگ گیانی خۆی لەدەستدا. لە راپۆرتێکی دیکەدا باس لەوە کراوە کە کۆریای باکووە تووشبووانی کۆرۆنا دەخاتە زیندانەوە بۆ ئەوەی بەهۆی برسیەتییەوە بمرن.
بەپێی بەڵگەیەک کە لە دانیشتنی حزبی کرێکاری کۆریای باکوور بڵاو بووەتەوە، گوتراوە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەم وڵاتە نزیکەی 500هەزار کەس گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. کارناسان لەسەر ئەو بڕوایەن کە زۆر مەحاڵە کۆریای باکوور کە ژمارەی دانیشتووانی 26 ملیۆن کەسە، هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا تۆمار نەکرابێت. بەڵام ئەم وڵاتە بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە لە هیچ حاڵەتیکی تووشبوون بە کۆڤید-١٩ لەم وڵاتەدا تۆمار نەکراوە.

 

سەرچاوە: thesun

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved