8/12/2020 03:51 PM

نەخۆشییەکی نەناسراو لە هیند سەدان کەسی رەوانەی نەخۆشخانە کرد

بە گوتەی بەرپرسانی خۆجێیی هیند، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی نەناسراو زیاتر لە 300 کەسی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە رەوانەی نەخۆشخانە کردووە و کەسێکیش بەم هۆیە گیانی لەدەستداوە. ئەم نەخۆشانە کە هەموویان خەڵکی شاری "ئەلۆرۆی" سەر بە پارێزگای "ئاندرا پرادش"ـن، باسی بەشێک لە دەرکەوتەکانی ئەم نەخۆشییە دەکەن کە بریتین لە: بێهۆشبوون، هەست بە ڕشانەوە کردن و سەرگێژبوون.
ئەم رووداوە لەحاڵێکدا خەریکە روو دەدات کە هیند ئێستاش گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و لە بواری ئاماری تووشبووان بە کۆڤید-19 پلەی دووەمی لە جیهاندا هەیە. ئاندرا پرادش یەکێک لەو پارێزگایانەی هیندە کە زۆرترین حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنای هەیە و لەم دواییانەدا تووشبوونی 800هەزار کەس بە کۆرۆنا لەم پارێزگایە تۆمار کراوە. بەڵام کۆرۆنا هۆکاری خوێندرانی ئەم کۆمەڵە کەسەی ئەم دواییانە نەبووە.
بە گوتەی بەرپرسانی خۆجێیی تاقیکاری کۆرۆنای سەرجەمی ئەم نەخۆشانە نەیگەتیڤ بووە و نزیکەی 180 نەفەریان رەوانەی ماڵەوە کراونەوە. ئەوانەی دیکەش دۆخێکی سەقامگیریان هەیە. ئەو نەخۆشەی گیانی خۆی لەدەستدا هەمان نیشانەی نەخۆشەکانی دیکەی هەبوو بەڵام تووشی جەڵتەیەکی دڵ بوو کە سەرچاوەکەی ناڕوونە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئاوی بەکارهاتووە لەلایەن ئەم نەخۆشانەوە لە سەرچاوەیەکی هاوبەشەوەیە و هەر بۆیە بەپرسانی پارێزگاکە خەریکی تاقیکارین لەسەرنموونەی ئاوی شاری "ئەلۆرۆ" بە مەبەستی دۆزینەوەی هۆکاری نەخۆشییەکە. ئەم نموونانە لە 57,863 ماڵ کۆ کراونەتەوە و رەوانەی تاقیگەیەکی پزیشکی یاسایی کراوە.

 

سەرچاوە: CNN

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved