8/12/2020 03:55 PM

ئەرەستوو

مەحموود محەمەدیان
دەگوترێ ئەرەستوو یەکەم فەیلەسووفی کەونارایە کە بۆ یەکەم جار زمانی فەلسەفەی بونیاد نا. ئەم قسەیە خودی ئەرەستووش بەشێوەیەکی خوازەیی باسی دەکا و دەڵێ: "فەلسەفەی پێش من وەکوو منداڵێکە کە ئێستا بیچمی نەگرتووە و توانای قسەکردن و جووڵەی نییە." لەلایەکی دیکە لێکۆڵەرانی فەلسەفەی ئەرەستووش دان بەم راستییەدا دەنێن کە یەکەم نیزامی فەلسەفی ناسنامەدار لە لایەن ئەرستووەوە تووڕ دەدرێتە جیهانی ئەندێشەوە.
ئەرەستوو فەیلەسووفێکە کە سەری بە زۆر کەلێن و قوژبندا کردووە؛ هەر لە مێتافیزیکەوە تا بایۆلۆژی و ئەدەبیات، بەڵام ئەوەی لەم ناوەدا بۆ خوێندکار و توێژەری فەلەسەفە لەوانەیە لە هەمووان گرنگتر بێت "مێتافیزیک"ـی ئەرەستووییە کە لە ڕاستیدا کۆڵەکەی هزرینی ئەم بیرمەندەیە.
بۆ ئەوەی بتوانین بڕۆینە ناوئاخنی هزری فەلسەفیی ئەرەستووەوە وا باشە سەرەتا دابەشکاریی ژیانی فکرییەکەی بکەین. کاپلستۆن ژیانی ئەرەستوو بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکات، یەکەم: ئەو کاتەی لە ئەکادمیا خوێندکارە و پەیوەندیی لەگەڵ ئەفلاتوون هەیە، دووهەم: ئەو ساڵانەی وا لە ئاسۆن و میتیلنە و دواجار ئەو قۆناغەی کە لۆکیۆم دادەمەزرێنێت کە زانکۆی هاوتەریبە لەگەڵ ئەکادمیا. ئەرەستوو لە هەر کام لەم قۆناغانەدا کۆمەڵێک کتێب و نووسراوە بەرهەم دنێنێت کە هەر بەپێی کاپلستۆن دابەش دەبن بەسەر دوو بەشدا، یەکەم: بەرهەمە دەرەکی یان گشتییەکان کە بەشێوەی دیالۆگ نووسراون و بڕیار بووە چاپ ببێت. دووهەم: بەرهەمە پەروەردەییەکان کە بریتین لە وتاری زارەکی و توێژینەوە کە بناغەی وانەکانی ئەرستوو بوون لە لۆکیۆم. لە بەشی یەکەم تەنیا هەندێکیان ماونەتەوە و بەشی دووهەم زۆربەیان لەبەر دەستن.
ئەرەستوو باس لەوە دەکات کە ئاستەکانی ناسین(معرفت) وەک یەک نین. ئەو دەڵێ کەسێک کە خاوەنی "ئەزموونی پەتی"ـیە لەوانەیە بزانێ فڵانە حەب فیسارە نەخۆشی چارەسەر کردووە بەڵام نازانێ بۆ. بەڵام خاوەنی "فەن/ پیشە" دەزانێ ئەگەر کەسێک تای لێهات چ جۆرە دەرمانێک چارەسەری دەکات. کەوابوو ئامانجی فەن(هونەر) جۆرێک بەرهەمهێنانە. بەڵام حیکمەت/ زانایی لە روانگەی ئەرستووەوە بەم شێوەیە نییە، چونکە ئامانجی زانایی بەرهەمهێنانی شتێک بۆ مەبەستێکی تایبەت-واتە بەرژەوەندی- نییە، بەڵکوو تێگەیشتنە لە یاسا و رێسا سەرەتاییەکان- واتە ناسین لەبەر ناسین. ئەگەر سەرنج بدەین ئەم بۆچوونە تەواو تەواو لە فەرهەنگی یۆنانییەوە سەرچاوەی گرتووە. چونکە لە فارهەنگی یۆناندا ئەو پرسیارە کە دەگوترێ: "بۆچی بیر دەکەیەوە؟" بێ مانایە.
گرنگترین بەرهەمی ئەرەستوو واتە "مێتافیزیک" کە بریتییە لە چەندین کتێبی بچووکتر، دواتر لە لایەن توێژەرانی فەلسەفەی ئەرەستووەوە کۆ دەکرێتەوە و هۆکاری ناولێنانەکەشی جگەی لەوەی بابەتی مێتافیزک لەخۆ دەگرێت، ئاماژەیەکیشە بەو بەرهەمانەی کە پاش کتیبی "فیزیک" نووسراون.
ئەرەستوو هەر لە مێتافیزیکدا باسێکی رەخنەیی سەبارەت بە پێشینیانی خۆی دەهێنێتە ئاراوە و لەوێدا هاوکات کە شەن و کەوی فەیلەسووفانی پێش خۆی، بنەماکانی فەلسەفەی خۆشی خویا دەکات. ئەرەستوو دەڵێ هۆکاری وجوود ناتوانێ یەک دانە بێت. بەڵکوو چوار دانەیە: هۆکاری مادی، هۆکاری فاعلی، هۆکاری غایی و هۆکاری سووری. ئەرەستوو دەڵێ یەکەم فەیلەسووف واتە تالیس تەنها یەکێک لەو هۆکارانەی بۆ وجوود شەمەند کرد، ئەویش هۆکاری مادی بوو واتە ئاو. لەدرێژەدا باس لەوە دەکات لە ئۆمپێدۆکلێس جگە لە هۆکاری مادی، هۆکاری فاعلی(عیشق و قین)ـیش دێنێتە ناو کایەوە و دواجار ئەفلاتوونە کە دوو هۆکاری مادی و سووری باس دەکات و بەم شێوەیە ئەویش ناتوانێ هەر چوار هۆکارەکە بۆ وجوود دەستنیشان بکات. هەڵبەت بەپێی بۆچوونی کاپلستۆن، ئەرەستوو لە هەمبەر مامۆستاکەی هەندێک بێ بەزییە و دەڵێ ئەفلاتوونیش لەو چوار هۆکارە تەنیا دوو دانەیانی هێناوەتە بەر باس: هۆکاری مادی و هۆکاری سووری، بەڵام دەبێ ئەوەی بزانین کە ئەفلاتوون لە محاورەی تیمائوسدا باسی چەمکی "دمیۆرژ" دێنێتە ئاراوە وەکوو هۆکاری فاعلی کە چەمکێکی ئوستوورەییە.
ئەگەر بمانهەوێ بەشێوەیەکی سادە ئەم چوار هۆکارە بۆ وجوود روون بکەینەوە، نموونەیەک دەهێنینەوە. کورسییەک بهێننە بەر زەینتان. ئەو کورسییە نەجاڕ دروستی دەکات(هۆکاری فاعلی)، لە دار یان ئاسن دروست کراوە(هۆکاری مادی)، بۆ دانیشتن بەکار دێت(هۆکاری غایی)، کورسی بوون(هۆکاری سووری). ئەم نموونەیە دەتوانین بەسەر هەموو شتێکدا بگشتێنین.
سەرەکیترین رەخنەکانی ئەرەستوو لە ئەفلاتوون لەسەر تیۆری مۆسۆلە. ئەرەستوو دەڵێ ئەم تیۆرییە بێ‌سوودە: چونکە تەنیا خەریکی گەورە کردنەوەی پرسەکانە. (ئەو دوو شتی بۆ نابژێردرێ بەتەمایە ١٠٠ شت ببژێرێ). بێ‌سوودە چونکە ناتوانێ پەیوەندییەکان شرۆڤە بکات و جووڵە پاساو بداتەوە. رەخنەی دووهەم ئەوەیە کە تیۆری مۆسۆل جێبەجێ نابێ و مەحاڵە؛ چۆن دەکرێ جەوهەر و مەوزووع لە یەک جیا بن؟ پاشان بۆ ئەوەی بۆ نموونە وێکچوونی ئیدەی مرۆڤ و سێبەری ئیدەی مرۆڤ کە دەبێتە مرۆڤی بەرهەست، فام بکەین پێویستمان بە "مرۆڤی سێهەم" هەیە کە لەگەڵ دوئالیتەی ئەفلاتوونی ناگونجێت. رەخنەیەکی دیکە کە ئەرەستوو بەرەڕووی تیۆری مۆسۆلی دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەم تیۆرییە وڵامی هەندێک پرسی بۆ نادرێتەوە. ئەفلاتوون دەڵێ دنیای ئیدەکان هاوکات دنیای خێر و هەرمانیەتە. ئەرەستوو لێرەدا دەڵێ ئەی لەگەڵ ئیدەی شەرارەت و ناهەرمان‌بوون(فەسادپەزیزی) چ دەکەی؟ ئەفلاتوون دەڵێ ئەوەی لە جیهانی بەرهەستدا هەیە تێکڕا سێبەری جیهانی ئیدەکانن. ئەرەستوو دەڵێ ئەی ئیدەی شتە دەسکردەکان لە کوێی ئەم تیۆرییەدا جێگیر دەبن؟
هەڵبەت بەشێک لەو رەخنانەی ئەرەستوو لە تیۆری مۆسۆلی ئەفلاتوون، بەشێوەیەک لە محاورەی "پارمێنیدێس"ـدا باسیان لێوە کراوە؛ وەک بڵێی خودی ئەفلاتوونیش لە کەم و کووڕییەکانی تیۆری مۆسۆل گەیشیبێت. بەڵام ئەوە ئەرەستووە کە بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەم رەخنانە شەمەند دەکات.
ئەرەستوو دەڵێ جەوهەر جیا لەو شتەی وا جەوهەر جەوهەریەتی، نییە. ئەو لای وایە سووڕەت(جەوهەر) و مادە پەیوەندییەکی دەروونیان هەیە و هەر ئەوەشە کە دەبێتەوە هۆی ئەوەی ئەو هێڵەی وا ئەفلاتوون دەیکێشێ واتە خوریسمۆس، لە نیزامی ئەرەستووییدا کاڵ ببێتەوە. کەوابوو دەتوانین بە جۆرێک بڵێین ئەرەستوو هەمان ئەفلاتوونە بەڵام لە عەڕشەوە هاتووەتە سەر فەڕش. لە ئەفلاتووندا جیهانی سەرەوە(مۆسۆل) و جیهانی خوارەوە(جیهانی بەرهەست)ـمان هەیە و لە نیزامی ئەرەستووییدا سوورەت و مادە.
بابەتێکی دیکە کە لە فەلسەفەی ئەرەستوودا گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە و تیۆلۆژیی مەسیحی زۆرترین کەڵکی لێ وەرگرتووە، بابەتی "خودا"ـیە. ئەرەستوو لەو چوار هۆکارەی بۆ وجوودی دەستەبەر کردووە، سێ دانەیان لەم خودایەدا دەبینێتەوە. ئەو بە خودایە دەڵێ "بززوێنەری وەستاو" کە هۆکاری فاعلییەکەشی هەر ئەم بزوێنەر بوون و هاوکات وەستانەیە. هۆکاری غاییەکەی ئەوەیە کە هەمووان بەرەو ئەو خودایە هەنگاو دەنێن و هۆکای سوورییەکەشی ئەوەیە کە خودا "فۆرم‌بەخش"ـی مادەیە. بەڵام ئەرەستوو پێی وا نییە خودا هۆکاری مادی بێت، چون هێشتا خودا "ئافرێنەر" نییە، ئەوە دواترە کە ئیلاهیاتی مەسیحی و یەهوودی خودای ئافرێنەر پێناسە دەکەن، ئەگینا لە کانتێکستی ئەرەستووییدا خودا جارێ "سانع"ـە یان هەمان هۆکاری فاعلییە.
ئەرەستوو دەڵێ: "بزوێنەری وەستاو مادی نییە بەڵکوو، ژێرنەهادێکی سەربەخۆی هەیە کە ئەویش عەقڵە. بزوێنەری وەستاو تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە و ئەوە تامەزرۆیی دەروونی مادە بۆ ئەوە کە جووڵەی لە جیهاندا ساز کردووە. ئەرەستوو بۆ شرۆڤەی جووڵە باسی بابەتێک دەکا بە ناوی "نەبوون" یان فوقدان. ئەو پێی وایە مادە و سوورەت کاتێک لەگەڵ فوقدان کۆ دەبنەوە، شتێکی نوێ بەرهەم دێت و بەم جۆرە گۆڕان پاساو دەداتەوە.
هەر وەک سەرەتا ئاماژەی پێدرا ئەرەستوو یەک لەو بیرمەندانەی بواری فەلسەفەیە کە دەستی بۆ زۆر پرس و بابەت بردووە. بۆچوونەکانی ئەرەستوو جیا لە پرسی مێتافیزیک، بەو دابەشکاریانەی کە لە بوارەکانی دیکەدا کردوویەتی، لە پاش خۆی لانی‌کەم بوو بە ماتریالی زۆریەک لە زانستەکان. هەر لە بایۆلۆژییەوە تا رەخنەی ئەدەبی. بەڵام لە مێتافیزیکدا بە قسەی هەندێک لە بیرمەندان هەر چووەوە سەر ئاوەڕۆکەی ئەفلاتوون و گادامێر ئەم پرسەی لە کتێبی "ئیدەی خێر لە فەلسەفەی ئەفلاتوون-ئەرەستوویی"ـدا بە چڕی شرۆڤە کردووە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران



هەواڵی زیاتر

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved