8/12/2020 10:20 PM

جیهان لە چاودێری رۆژی سەركەوتندایە بەسەر پەتای كۆرۆنادا

لەكاتێكدا هەموو جیهان لە چاوەڕوانی ئەوەدایە كە ڤاكسینێك لەدژی كۆرۆنا بەرهەمبهێنرێت و بگاتە دەستی هاووڵاتیان، ئەوەبوو ئەو ڤاكسینەی هەردوو كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی و بایۆنیتكی ئەڵمانی پەرەیان پێدابوو، لەڕێگەی سندوقی ساردكەرەوەی توندەوە گەیشتۆتە سەرجەم نەخۆشخانەكانی بەریتانیاو بڕیاريشە بە شێوەیەكی بەرفراوان لەو وڵاتە بەكاربهێنرێت.

پێشبینی دەكرێت رۆژی سێشەممەی داهاتوو 800 هەزار دۆز لە ڤاكسینەكە بخرێتەروو و لەسەر هاووڵاتیان بەكاربهێنرێت، لای خۆیەوە ماسیۆ هانكۆك وەزیری تەندروستی بەریتانیا ئەو رۆژە بە رۆژی سەركەوت ناوزەند دەكات و لە هاوشێوەی سەركەوتنەكان لە جەنگی جیهانی دووەمدا.

پرۆفیسۆر ستیفن بۆیس بەڕێوەبەری دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییە نیشتمانییەكانی بەریتانیا رایگەیاند: وێرای ئاڵۆزییە بێشومارەكان، بەڵام نەخۆشخانەكان بەنیازن رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە قۆناغی یەكەمدا، گەورەترین هەڵمەتی پێدانی ڤاكسین لە مێژووی وڵاتدا دەستپێبكەن.

هەفتەی رابردوو شانشینی یەكگرتوو بووە یەكەم وڵات كە مۆڵەتی بەكارهێنانی ڤاكسینی (فایزەر – بایۆنتیك)ی لە وڵاتەكەی راگەیاند، بەتایبەتی لەسەر ئەو كەسانەی كە دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

لە رۆژی سێشەممەی داهاتووەوە بڕیاردراوە ڤاكسینی فایزەر لە 50 نەخۆشخانەی بەریتانیادا دەستەبەر بكرێت، هەروەها لەهەمان رۆژدا لە هەریەك لە سكۆتلەندەو ویلزو ئیرلەندەی باكوور دەستدەكرێت بە پێدانی ڤاكسینەكە.

لە سەرجەم وڵاتانی جیهانیشدا، حكومەت و ئاژانسەكانی تەندروستی لەنزیكەوە چاودێری بەرنامەی پێدانی ڤاكسینەكە لە بەریتانیا دەكەن و سەرنجی خۆیان دەخەنەسەر سەركەوتن و شكستی ڤاكسینەكە، تاوەكو لەبەر رۆشنایی تێبینییەكانیان دەستكاری نەخشەو پلانەكانیان بكەن.

ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشبینی ئەوە دەكات كە لەم مانگەدا ڤاكسینی فایزەر دەستەبەر بكرێت.

هەروەها بەرپرسانی رێكخەری بەریتانیا پشكنین بۆ داتاو زانیارییەكانی تایبەت بە ڤاكسینەكانی تر دەكەن كە لەلایەن كۆمپانیاكانی مۆدێرناو ئەسترا زینیكاو زانكۆی ئۆكسفۆردەوە بەرهەمهێنراون.

جێی ئاماژەیە، بەریتانیا لە ریزبەندی پێشەوەی وڵاتانی ئەوروپایە لەڕووی ژمارەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا، تائێستا زیاتر لە 61  هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماركراون.

ئاماژە بەوەش دەكرێت كە ڤاكسینەكە دەدرێت بەو هاووڵاتیانەی كە تەمەنیان 80 ساڵ و بەرەو سەرەوەیەو پێشتر سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە، یاخود بەمدواییانە نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە، هەروەها ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە لە خەڵوەتگەكانی پیریدان.

لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، ئاخۆ ئیلیزابیسی دووەم شاژنی بەریتانیا كە تەمەنی 94 ساڵەو میر فیلیپی هاوسەری 99 ساڵ ڤاكسینەكەیان پێدەدرێت و لەسەریان بەكاردەهێنرێت؟ بەڵام كۆشكی باكینگهام رەتیكردۆتەوە كۆمێنت لەسەر ئەو پرسیارانە بدات!

خاك - ئاژانسەكان

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved