12/12/2020 04:06 PM

لەزستاندا ئەم گۆڕانکاریانە بەسەر جەستەدا دێت

هەوای سارد بەگشتی ناچارمان دەکات لە شوێنە داخراوەکاندا بمێنینەوە و لەبەرامبەر ڤایرۆس و هەوکردنەکاندا لاوازترمان دەکات. بەڵام جگە لەمانە، هەوای سارد دەتوانێ کاریگەری سەرسوڕهێنەری لەسەر جستە هەبێت، هەڵبەت ئەم کاریگەریان هەموویان خراپ نین، بۆ نموونە لە مانگە ساردەکاندا دابەزاندنی کێشی جەستە ئاسانترە. لەدرێژەدا باس لەو ئاڵوگۆڕانە دەکەین کە جەستە لە وەرزی زستاندا لەگەڵیان رووبەڕوو دەبێتەوە.

زمانتان زیاتر لە جاران کار دەکات
سەرما لێوەکان وشک دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ شێدارکردنی لێوەکانتان زیاتر زمانی پێدا بهێنن. ئەم کارە بەشێوەی کاتی ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات بەڵام لەدرێژماوەدا دەبێتە هۆی قەڵشینی لێوەکان. ئاوی دەم بەخێرایی لەسەر لێوەکان وشک دەبێتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی لێو لە جاران وشکتر بێت.

لەوانەیە ددانتان بێشێت
ئەگەر ددانەکانتان هەستیار بن لەوانەیە لە هەوای سارددا ددانەکانتان زیاتر مچوڕکی پێدا بێت، هەوای سارد دەڕواتە ناو قووڵایی ددانەوە و دەبێتە هۆی ئێشی ددان. پزیشکانی ددان دەڵێن لە کاتی سەرمادا ئەگەر رۆیشتنە دەرەوە بە لووت هەناسە بدەن و ملپێچێکیش لە دەوری ملتان بهاڵێنن.

لەوانەیە شەکری خوێنتان بەرز بێتەوە
هەوای سارد دەبێتە هۆی ئەوەی رادەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆن لە جەستەدا زیاتر بێت، ئەوەش بەرزبوونەوەی شەکری خوێنی لێدەکەوێتەوە. لە هەوای سارددا هاتوچۆکردن کەم دەبێتەوە و کەمبوونەوەی چالاکیی جەستە شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە.

لەوانەیە کێشی جەستە دابەزێت
راستە هەندێک کەس لە زستاندا کێشیان زیاد دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا، سووتاندنی کالۆری بۆ جەستە لە هەوای سارددا ئاسانترە. کاتێک جەستە هەوڵ ئەدات خۆی لەگەڵ هەوای سارد بگونجێنێت، جەستە گەرم دادێت و وزەیەکی زیاتر سەرف دەبێت.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved