13/12/2020 06:17 PM

بۆ پووچەڵکردنەوەی زیانەکانی رۆژێک کە جەستە چالاکی نەبووە دەبێ چەندە وەرزش بکەین؟

هەموومان دەزانین دانیشتنی درێژماوە زیانی بۆ تەندروستی هەیە بەڵام بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئاسەواوە نەگەتیڤەکانی رۆژێک کە لەسەر کورسی دانیشتووین دەبێ چەندە وەرزش بکەین؟ توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێ بۆ ئەم مەبەستە دەبێ نزیکەی 30 بۆ 40 خولەک وەرزش بکەین . ئەم توێژینەوەیە دەڵێ لانی‌زۆر 40 خولەک چالاکیی جەستەیی قورس و مامناوەند، 10 کاتژمێر ناچالاکیی قەرەبوو دەکاتەوە، ئەگەرچی هەر چەشنە جووڵەیەک تەنانەت ئەگەر پیاسەیەکی کورتیش بێ بۆ ئەم مەبەستە یارمەتیدەرە.
ئەم توێژینەوەیە دەریخست مەترسیی مەرگ لەناو کەسانێکدا کە لایف ستایلیان هیچ چالاکییەکی جەستەیی تێدا نییە، لەگەڵ کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی قورس و مامناوەند، زیاد دەکات. لەم وتارە بڵاوکراوەیەدا باس لەوە کراوە: "لەو کەسانەی کە نزیک 30 بۆ 40 خولەک چالاکیی جەستەیی مامناوەند بۆ قورسیان هەبوو، پەیوەندیی نێوان دانیشتنی درێژخایەن و مەترسیی مەرگ جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ماوەیەکی کەمتریان بە بێ چالاکیی جەستەیی تێپەڕ دەکرد، نەبوو."
بە واتایەکی دیکە، بە ئەنجامدانی ئەو چالاکییە جەستەییانەی کە تا رادەیەک قورسن، بۆ نموونە پاسکیل سواری، پیاسەکردن و باخەوانی، دەتوانن مەترسیی مەرگ زووڕەس بگەیەننە ئاستێک کە ئەگەر ئەوم هەمووە دانەنیشتایەن نەدەهاتە ئاراوە، تا ئەو رادەیەی کە دەکرێ ئەم پەیوەندییە لەو داتایانەی کە لە هەزاران کەس تۆمار کراوە، ببینین.
ئەم پێشنیارە بەتایبەت لەم بارۆدۆخەی ئێستادا کە پەتای کۆرۆنا زۆرینەی خەڵکی خانەنشین کردووە دەتوانێ زۆر کارا بێت. بۆ نموونە  دەتوانن لەجیاتی بەکارهێنانی مەسعەد بە قادرمەدا هاتوچۆ بکەن، پاسکیل سواری بکەن یان ئەگەر گونجا لەگەڵ مناڵەکانتان یارییەکی بێ زیان ئەنجام بدەن.

 

سەرچاوە: sciencealert

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved