13/12/2020 06:31 PM

سۆفیستەکان

بیرمەندانی ئەم ڕەوتە لەڕاستیدا بە فەیلەسووفیان ناهێننە ئەژمار. ئەگەرچی هەندێک سەرچاوە پرۆتاگۆراس بە گەورەترین فەیلەسووفی سۆفیست دەناسن. ئەوەی جێی سەرنجە ئەو بەستێنە فەرهەنگیەیە کە ئەم ڕەوتەی تێیدا ساز بوو و گەشەی سەند. لەو سەروبەندەی مێژووی یۆناندا وردەوردە خەڵک فشەیان بە ئوستوورەکان دەهات و لێرە و لەوێ ڕەخنەیان لێ دەگرتن. کەوابوو ئەم بێ‌متمانەییە هاتبووە ئاستی خەڵکی ئاسایی و لەڕاستیدا گۆڕەپانەکە ئەمجارە خەڵکی ڕەش و ڕووتیشی لەخۆ دەگرت؛ هەر ئەو خەڵکەی کە پێشتر حیسابی توورێکیان بۆ نەدەکرا. هەروەها سەردەمی گەشەی دێمۆکڕاسیگەلی یۆنانی بوو. لە وەها دۆخێک دایە سۆفیستەکان سەرهەڵدەدەن و بە شێوەیەکی دیالکتیکی لەگەڵ ئەو سەردەمە دەگونجێن. سۆفیستەکان لایان وابوو کە هیچ هەقیقەتێکی گشتگیر بوونی نییە و هەقیقەت دیاردەیەکی ڕێژەییە(ئەردەبیلی لێرەدا دەڵێ: ڕێژەبوونەوەی هزر یەکێک لە نیشانەکانی سەردەمی بەلاڕێداچوون و ئینحتاتە). ڕەوانبێژی یەکێک لە بایەخە گەورەکان بوو بۆ سۆفیستەکان و پێیان وابوو هەقیقەت لە جۆری قسەکردندا خۆی حەشار داوە و هەر کەس جوانتر قسە بکات دەتوانێ هەقیقەتی تاکەکەسیی خۆی بچەسپێنێت(بەرساخت-وانموودە). لەم سۆنگەیەوە سیمای دیاری ئەم ڕەوتە واتە گۆرگیاس دەیگوت: "هیچ شتێک بوونی نییە، ئەگەر بوونیشی هەبێت ناناسرێت و ئەگەر بشناسرێت ناگوازرێتەوە". واتە هەقیقەت شتێکی تاکەکەسییە و لەم بارەیەشەوە پرۆتاگوراس دەڵێ: "مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە". ناسیاوی ئێمە لەم سۆفیستەکان زۆرتر بەهۆی ئەفلاتوونەوەیە کە زۆریان هێرش دەکاتە سەر و بەردەوام باس لەوە دەکات کە ئەمانە لە بەری وانەگوتنەوە بە خەڵک پارەیان وەردەگرت و ئەم کارە بە شتێکی نەشیاو و قیزەون ئەژمار دەکا و هەر بۆیە سۆفیست و  سۆفیستایی بە ئێستاشەوە بە فێڵبازی و تەڵەکە دادەندرێت. خاڵێکی جێی سەرنجی دیکەش سەبارەت بە سۆفیستەکان ئەوەیە کە ئەوان یەکەم کەسانێک بوون کە ڕوانگەیەکی سۆبژێکتیڤ-ئێپیستمۆلۆژیکیان بە ساحەتی ئەندێشە بەخشی، چون بیرمەندانی پێشوو بەتێکڕایی لە ڕوانگەیەکی ئۆبژێکتیڤ-ئەنتۆلۆژیکەوە چاویان لە جیهان دەکرد. سۆفیستاییەکان پێیان وابوو ناسین لە ڕێگەی مەعریفەی هەستەکییەوە دەستەبەر دەبیت.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved