15/12/2020 07:36 PM

چۆن لەگەڵ میزبەخۆداکردنی مناڵان هەڵسوکەوت بکەین؟

خۆتەڕکردن (میزبەخۆداکردن) یەکێک لە کێشە باوەکانی سەردەمی مناڵییەوە کە زۆر جار مناڵەکە تووشی شەرم و تەنانەت خەمۆکی دەکات. خۆشبەختانە ئەم کێشەیە لەگەڵ گەورەبوونی مناڵ لەناو دەچێت بەلام لەم ماوە کورتەی منداڵیشدا دەبێ رێوشوێنێک بۆ ئەم گرفتە لەبەرچاو بگرین. بۆ ئەم مەبەستە لەدرێژەدا چەند رێکار دەخەینە روو کە دەتوانێ لەم بوارەدا یارمەتیتان بدات.

راستییەکان ببینن
مناڵەکە هان مەدەن و سزاشی مەدەن. تەنها بەبێ ئەوەی قسەیەک بکەن جێگاکەی بگۆڕن. چونکە ئەم گرفتە خۆی چارەسەر دەبێت. مناڵەکان بە ویستی خۆیان ئەم کارە ئەنجام نادەن. کەوابوو نە ئەگەر جێگاکەیان وشک بوو هانیان بدەن و نە ئەگەر خۆیان تەڕ کردبوو سزایان بدەن.

باشترکردنی دۆخەکە
بۆ ئەوەی زەختی دەروونی کەم بکەنەوە، ژووری خەوی مناڵەکە جۆرێک لێ بکەن کە خۆی بتوانێ جێگەوبانەکەی بگۆڕیت. پارچە نایلۆنێک لە ژێر پێخەفەکەیدا دابێنن بۆ ئەوەی کەرەستەکانی دیکە ژوورەکەی پیس نەبێت و جلی زیادیش لە ژوورەکەی دابنێن. بەم شێوەیە ئیتر مناڵەکە لانی‌کەم هەست بە "مناڵبوون/ بێ‌دەسەڵات بوون) ناکات.

بەهێزکردنی ماسولکەکانی میزەڵدان
ئەگەر مناڵ کە ماوەی رۆژدا زوو زوو بڕوات بۆ توالێت لەوانەیە بەهێزکردنی میزەڵدان لەڕێگای هەندێک پرۆڤەی وەرزشییەوە بەسوود بێت. لەماوەی رۆژدا شلەمەنییەکی زۆر دەرخواردنی مناڵەکە بدەن و پاشان داوای لێبکەن تا ئەتوانێ میزەکەی رابگرێت و دواتر میزەڵدانی بەتاڵ بکات.

سەبرکردن و خۆشەویستی
ئەوەتان لەیاد بێ کە لە هەموو مناڵێکدا میزی شەوانە هەموو ساڵێک ١٥٪ کەم دەبێتەوە. واتە تەنها ١ بۆ ٢٪ـی مناڵان لە تەمەنی هەرزەکاریدا ئەم کێشەیەیان دەبێت. کەوابوو هەندێک بەتاقەت و سەبوور بن و پشتگری مناڵەکەتان بکەن. چونکە هیچ مناڵێک حەز ناکات شوێنی خەوەکەی تەڕ بکات.

 

سەرچاوە: webmd

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved