16/12/2020 01:58 PM

چۆن بەرگیری لە ترسی مناڵان لە تاریکی بکەین؟

تاریکی یەکێک لە ترسە گەورەکانی مرۆڤە گەورەساڵەکانیشە. کەوابوو کاتێک تەنانەت گەورەکان ئەم ترسەیان هەیە، سەیر نییە مناڵان زیاتر لێی بترسن و بیر لەوە بکەنەوە کەم لە تاریکیدا دێوەزمەیەک لەژێر تەختی خەوەکەیاندا خۆی حەشار داوە و سێبەرە ترسناکەکان ببینن. ئەگەرچی زۆرینەی مناڵان بەسەر ئەم ترسەدا زاڵ دەبن بەڵام هەندێک رێکار هەیە بۆ ئەوەی زووتر لەم ترسە رزگار ببن و لەدرێژەدا ئاماژە بە چەند دانەیان دەکەین.

گوێ لە قسەی مناڵەکەتان بگرن
ترسانی مناڵەکەتان بەهەند وەرگرن و گوێ لە قسەکانیان بگرن. تەنها سەیری ژێر تەختەکەیان مەکەن و مەڵێن هیچ دێوەزمەیەک لەوێ نییە. ئەم کارە دۆخەکە خراپتر دەکات چون ناڕاستەوخۆ مناڵەکە وا بیر دەکاتەوە کە بەڕاستی دێوەزمە هەیە و ئەگەر ئێستاش لێرە نەبێ دواجار خۆ دەکات بە ژوورەکەیدا. هەوڵ بدەن لێی تێبگەن و دڵنیایی بدەنێ کە ئاگاتان لێی دەبێ و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.

ئافەرەم بڵێن بە مناڵەکەتان
بەپێی توێژینەوەکان گوتنی قسەی پۆزەتیڤ دەتوانێ جۆری بیرکردنەوەی ئێمە بگۆڕێت. بە مناڵەکەتان بڵێن کە کەسێکی بەغیرەتە و بۆ ئەوەی لەگەڵ ترسەکانی رووبەڕوو بووەتەوە ئافەرەمی پێ بڵێن. بیستنی ئەم قسە پۆزەتیڤە لە زمانی ئێوەوە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی مناڵەکە بەسەر ترسەکەیدا زاڵ بێت.

گڵۆپێکی یاری بۆ مناڵەکەتان بکڕن
لەئێستادا کۆمەڵێک گڵۆپی یاریی داهێنەرانە بەرهەم هاتوون لە یارمەتی مناڵەکەتان دەدات لە تاریکیدا هەست بە ئەمنیەت بکات. بۆ نموونە ئەو گڵۆپانەی لەشێوەی ئاژەڵ دروست کراون یان ئەو پرۆژۆکتۆرانەی هاوشێوەی ئەستێرەن و شتی لەم چەشنە. ئەم کەرەستانە مناڵەکە سەرقاڵ دەکات و ترسەکەی لەناو دەچێت.

ئەم شێوازە 10 چرکەییەیە تاقی بکەنەوە
ترسی مناڵ لە تاریکی لەوانەیە نەک لەبەر خودی تاریکی، بەڵکوو ترس لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاریکی بێت. کاتێک گڵۆپەکە دەکوژێتەوە، بۆ چەند چرکە چاو هیچ کوێ نابینێت چونکە هەندێکی پێدەچێت تا ئەوەی چاومان خوو بە تاریکییەوە بگرێت و ترسی مناڵان لەم چەند چرکەیەدا روو دەدات. کەوابوو 10 چرکە بەر لەوەی گڵۆپەکە بکوژێننەوە پێی بڵێن چاوی دابخات و لەو ماوەیدا گڵۆپەکە بکوژێننەوە و ئینجا با چاوی بکاتەوە.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved