17/12/2020 03:38 PM

گەشتێک بۆ باکووریترین شاری جیهان

بەهۆی گرێبەستی "سوالبار"ـەوە، گەشتیارانی بیانی بەبێ ڤیزا دەتوانن سەردانی کۆمەڵە دورگەیەک بکەن کە سەر بە وڵاتی نەرویجە و لە نزیک دەریای جەمسەری باکوور هەڵکەوتووە. پایتەختی ئەم کۆمەڵە دورگەیە شارێکە بە ناوی "لانگیرباین" کە نزیکەی 2هەزار کەسی لەخۆ گرتووە کە لە نزیکەی 50 وڵاتی جیهانەوە هاتوونەتە ئەوێ و بە باکووریترین وڵاتی جیهان دێتە ئەژمار.
"سوالبار" بەشێک لە نەرویجە کە بەردەوام ناو لە لیستی شادترین وڵاتانی جیهاندا تۆمار دەکرێت. بەڵام ئەم کۆمەڵە دورگەیە تەنها شوێنی نەرویجە کە بۆ ئەوەی سەردانی بکەی پێویستی بە ڤیزا نییە. بەرپرسایەتی جێبەجێکردنی یاسا لە سوالبار و چاوەدێری ژێرخانەکان لەئەستۆی حکومەتی نەرویجە. ژمارەی ورچە جەمسەرییەکان لەم ناوچەیە لە ژمارەی دانیشتووانی زیاترە و هەر بۆیە بۆ پارێزگاری لە خۆیان چەکیان پێیە.
سوالبار یەکەم جار لەلایەن پیاوێکی هۆڵەندایی بە ناوی "ولم بارنتس"ـەوە دۆزرایەوە. شاخە بەفرییەکان، سەهۆڵخانە سروشتییەکان و دۆڵاوە قووڵەکان بەشێکن لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ناوچەیە. لەم ساڵانەی دواییدا کەسانێکی زۆر سەردانی سوالبار دەکەن و بەشوێن دیمەنە ناوازە و سەرسوڕهێنەرەکانی ئەم کۆمەڵە درگەیەوەن. بەڵام کەشوهەواکەی بۆ زۆرینە دڵخواز نییە چونکە پلەکانی گەرما لە زستاندا ئەگاتە 14 پلە خوار سفر و لە زستاندا تەنها 6 دەرەجە لە سەرەوەی سفرە.
لە پایتەختی سوالبار فرۆشگە، مۆزەخانە، گەلەری هۆنەری، رێستۆرانت، کتێبخانە و سینەمای لێیە و هەروەها کۆمەڵێک فستیڤاڵ و ئاهەنگیشی لێ بەڕێوە دەچێت. لانگیرباین ئەگەرچی بچووکە بەڵام لە بواری فەرهەنگییەوە زۆر رەنگاڵەیە چونکە دانیشتووانەکەی لە 50 وڵاتی جیهانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەم ناوچەیە.
لە سوالبار ناوەندێکی پزیشکی و تەندروستی ئەوتۆی لێ نییە و ئەگەر ژنێک دووگیان بێت و کاتی مناڵبوونەکەی بێت دەبێ بیبەن بۆ نەرویج. هەروەها ئیزن نادرێت هیچ تەرمێک لەم ناوچەیە بنێژرێت، چونکە ئەم سەهۆڵبەندانە جەستەی مردووەکە دەپارێزێت و تێکەڵ بە خاک نابێتەوە. بە واتایەک لەم ناوچەیە لەدایکبوون و مردن قەدەغەیە!

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved