24/12/2020 02:30 PM

ئەم کتێبانە فەرهەنگی فەڕەنساتان پێ دەناسێنێت

یەکێک لە رێگاکانی ناسینی هەر وڵاتێک هەڵدانەوەی بەرهەمە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی ئەو وڵاتەیە، بە تایبەت چیرۆک و رۆمان. فەڕەنسا وڵاتی نوور، ئەڤین، حەسرەت و دابڕانە. زۆرینەی ئێمە لە بڕگەیەکی ژیاندا ئاواتەخوازی ئەوە بووین گەشتی ئەم وڵاتە بکەین. هەندێک ئەم ئاواتەیان وەدیهاتووە و هەندێکیش نا بەڵام هیچ خەم مەخۆن چونکە لەم بابەتەدا لەگەڵ هەندێک کتێب ئاشنا دەبین کە وێنایەکی گشتیمان لە فەڕەنسامان پێ دەبەخشن.

خۆر بەردەوامە لە تیشکدان- ئێرنێست هێمینگوای
ئەم کتێبە پڕە لە دڵەڕاوکێ و هەیەجان و لەهەمانکاتدا ئارامکەرەوەیە. "خۆر بەردەوامە" یەکێک لە باشترین بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە بەناوبانگە ئەمریکیەیە. چیرۆکی ئەم کتێبە باسی "نەوەی ونبوو"ـی دەیەی 1920ـە و هەوڵێکی بێ‌کۆتاییە بۆ دۆزینەوەی مانا، ئەڤین و ئامانجەکان لەم جیهانەدا کە هاوشێوەی چەرخ و فەلەکە و کۆتایی نایەت.

لای ماڵی سوان-مارسل پرووست
ئەم کتێبە بەرگی یەکەمی رۆمانێکی 7 بەرگییە بەناوی "بەشوێن کاتی ونبوودا"، بەرهەمی رۆماننووسی گەورەی فەڕەنسی "مارسل پرووست". پرووست لەم کتێبەدا باسی بیرەوەرییەکان، هونەر، کۆمەڵگا، دڵەڕاوکێ و خۆشەویستی دەکات. "لای ماڵی سوان" بەرهەمێکی کلاسیک و رەسەنی فەڕەنسییە کە خەیاڵ و فەلسەفەی ئاوێتەی یەک کردووە.

کۆنت مۆنت کریستۆ-ئەلەکساندر دۆما
ئەم کتێبەش بەرهەمێکی کلاسیکە کە تێکەڵ بە کۆمیدیایەکی رەش و سەربزێوانەو و خەمناکە. "ئێدمۆند دانتس" مەلەوانێکی گەنج و بەناوبانگە کە لە شاری "مارسەی" دەژیت. ئەو بەشێوەیەکی نادادوەرانە تۆماتبار دەکرێت هاوکاری کردن لەگەڵ ناپلئۆن، پاشای پێشوو، بۆ دەستەبەرکردنەوەی دەسەڵات. پاش تێپەڕکردنی یەک دەیە لە یەکێک لە ترسناکترین زیدانەکانی فەڕەنسا. ئێدمۆد لەوێ رادەکات و سوێند دەخوات تۆڵە لەو کەسان بسێنێتەوە کە خەیانەتیان لێکرد.

باوەگوریۆ-باڵزاک
ئەم رۆمانە یەکێک لە شاکارەکانی نووسەری بەناوبانگی فەڕەنسی "ئەنوێرە دۆباڵزاک"ـە. کەسایەتی سەرەکی ئەم رۆمانە گەنجێکی خوێندکارە بە ناوی "دۆ راستینیاک" کە بۆ درێژەدان بە خوێندن نیشتەجێی پاریس دەبێت. راستینیاک لە پانسیۆن(شوێنی مانەوەی کاتی)ـێکی بچووکی گەڕەکێکی هەژارنشینی پاریسدا دەگیرسێتەوە. لەوێ لەگەڵ پیاوێکی بەساڵاچوو بەناوی "باوە گوریۆ" ئاشنا دەبێت کە هەموو داراییەکانی لەپێناو بەختەوریی کچەکانیدا بەخت کردووە و ئێستا بە هەژاری لەم پانسیۆنەدا دەژیت. رۆمانەکە لەگەڵ گێڕانەوەی ژیانی باوە گوریۆ، پەیوەندییەکانی چینی بۆرژوای ئەو کاتی فەڕەنساش بە شێوەیەکی ناوازە دەخاتە و دەردەکەوێت کە ئەم پەیوەندیانە چەندە بۆش و بەتاڵن. راستینیاک لە پاش تێکەڵاوبوون لەگەڵ ئەم چینە دواجار لە گەندەڵبوونیان تێدەگات و لەپاش مردنی باوەگوریۆ وەکوو کەسێکی شۆڕشگێر خۆی ئامادە دەکات بۆ خەبات لەدژی کۆمەڵگای بۆرژوایی و بەهاکانیان.

 

سەرچاوە: amreading

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved