30/12/2020 06:00 PM

پارمێنیدێس؛ گەورە فەیلەسووفی یۆنانی دێرین

مەحموود محەمەدیان
پارمێنیدێس شاعیر و فەیلەسووفی ئێلئاییە. نزیکەی ساڵی ٦٠٠ـی بەر لە زایین لە ئێلئا لەدایک بووە. لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا لە ئاتێن لەگەڵ سوکراتی لاو گفتوگۆی کردووە. پارمێنیدێس لە شیعرەکانیدا چوارچێوەی فکریی خۆی خستۆتە روو و دەڵێ هەر چەشنە جووڵەیەک وەهمە و بەرهەمی مەعریفەی هەستەکییە و دوورە لە ئاوەزمەندی. ئارخە(مادەی یەکەم-مادەی مادەکان) لای پارمێنیدێس "بوونێکێ بێ جووڵە و نەگۆڕ"ـە و پێێ وایە مرۆڤ کاتێک دەتوانێ بە دروستی شتێک بناسێت کە نەجووڵێت، ئەگینا ناسینەکە تووشی کێشە دەبێ و هەرگیز بە مەعریفەیەکی دروست ناگەین. تێگەیشتن و هاودڵی لەگەڵ پارمێنیدێس زۆر زەحمەتە، چونکە ئەوەی وا بەرهەستە و مرۆڤ هەستی پێ دەکات گۆڕان و جووڵەی بەردەوامە. بەڵام شاگردەکەی واتە "زێنۆن" هەندێک هەوڵ دەدا بۆ ئەوەی بیرۆکە نامۆکەی مامۆستاکەی پاساو بداتەوە.
زێنۆن بە گەڵاڵەکردنی هەندێک (جەدەل) هەوڵی دا کێشەی "یەکە"ـی پارمێنیدێسی چارەسەر بکات. زێنۆن دەیگوت ئێمە دەتوانین مەدوای نێوان دوو خاڵ بە دوو بەشی یەکسان دابەش بکەین. هەر کام لەم بەشانەش هەر بەو شێوەیە دەتوانین دابەش بکەین بەسەر دوو بەشی یەکسان و ئەم کارە تا بێ نەهایەت ئەنجام بدەین. کەوابو ئێمە هەرگیز ناتوانین لە خاڵی Aـەوە بگەین بە خاڵی B چونکە ناتوانین بێ نەهایەت ڕێگە بپێوین و کەوابوو جووڵەکردن وەهمە و ئەوە هەستەکانی ئێمەن کە درۆمان لەگەڵ دەکەن. ئەگینا لە ئاستی عەقڵیدا جووڵە بێ مانایە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved