30/12/2020 11:43 PM

پێدانی كارەبا كەمدەبێتەوە

كارەبای سلێمانی رایگەیاندووه: ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی لەناو شار ۸ بۆ ۹ سەعات كەمبووەتەوەو بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا بەكارهێنانی كارەبا لەبری سوتەمەنی خواست لەسەری زۆر زیادى كردووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەبارەی كەمبووەوەی ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تیایدا هاتووە: ئاشكرایە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەكانی گەرماو بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی بە شێوەیەك كە گەیشتوتە زیاتر لە ۲٤٠٠ مێگاوات لە پارێزگای و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری خواستیش دەكەین و بەوهۆیەوە سەعاتەكانی پێدانی كارەبا لەناو شار (۸ بۆ ۹) سەعات كەمبووەتەوە.

روونیشیكردوەتەوە: بەرهەمهێنانی كارەبا كە لەمساڵدا گەیشتە ۳۸٠٠ مگاوات، بەڵام بەداخەوە دابەشنەكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیانداو بەكارهێنانی كارەبا لەبری سوتەمەنی خواستی لەسەر كارەبا زۆر زیادكردووە، جگەلەوەی كە بەشێك لە فیدەر ئۆڤەر لۆدەو هەندێك گەڕەك سەرە محەولەی بۆ دانراوە، كە (۲٤) سەعات كارەبای نیشتیمانیان نابێت.

ئەوەشی خستوەتەڕوو: كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی وەك بەرپرسیاری سەرەكی لە دابەشكردنی كارەبا بەسەر فیدەرەكاندا كە (٦٠٠) فیدەرە، هەوڵدەدات كە جۆرێك لە دادپەوەری هەبێت لە بێدانی كارەبا بەسەر گشت گەڕەك و شارو شارۆچكەكان.

لە كۆتایی رونكردنەوەكەشیدا كارەبای سلێمانی دەڵێت: لێرەوە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین كە هاوكارمان بن، دڵنیابن كە كەمبوونەوەی كارەبای پەیوەندی بە بەرزبونەوەی خواستەوە هەیە، هەوڵی تەواو دەدەین كە ئەو بڕە كارەبایە هەیە بە دادپەوەری دابەشی بكەین، دوبارەشی دەكەینەوە كە  هاوكاری هاووڵاتیان یارمەتی دەردەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.

خاك

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved