31/12/2020 12:24 PM

چەند خاڵی گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستیی ددان

ددان یەکەم شوێنە کە لەگەڵ خۆراکەکان بەرکەوتنی دەبێت. تەندروستیی ئەم بەشە دەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ تەندروستیی گشتیی جەستە. کەوابوو پاراستنی ئەم ئەندامە گرنگە زۆر پێویستە و لەدرێژەدا چەند خاڵ دەخەینە روو کە بۆ ئەم مەبەستە دەبێ لەبەر چاو بگیرێن.

پاراستنی رووکەشی ددان
رووکەشی ددان(مینای ددان) توێژێکی ناسکە کە پارێزگاری لە ددان دەکات بەڵام هەندێک لە خواردن و خواردنەوەکان لەناوی دەبەن و ئێوە لە بزەیەکی جوان بێ‌بەش دەکەن. خواردن و خواردنەوە شیرینەکان لەڕاستیدا سووتەمەنییەکن بۆ بەهێزبوونی بەکتریا زیانبەخشەکان و یەکەم هەنگاودا هێرش دەکەنە سەر رووکەشی ددان.

خواردنی خۆراکە بەهێزەکان
ددانەکانی ئێوە پێویستی بە خواردنی بەهێز هەیە و دەبێ سپی بێت و نەخوریتەوە. کالیسیۆم کە لە شیرەمەنی و سەوزەواتەکاندا هەیە گرنگییەکی تایبەتی بۆ ددان هەیە. فۆسفۆر کە لە پرۆتینی هێلکە، ماسی، مریشک، گۆشت و شیرەمەنیدا هەیە بۆ ئەم مەبەستە زۆر زەروورە.

جگەرە مەکێشن
جگەرەکێشان یەکێک لە هۆکارەکانی خراپبوونی ددانە. جگەرە جگە لە رزاندنی ددان، رێگە خۆش دەکا بۆ نەخۆشییەکانی پووک بۆ نموونە شێرپەنجەی دەم.

سنووردارکردنی خواردنی ئەو خۆراکانەی رەنگدارن
ئەو خواردنەوانەی چێژتان پێدەبەخشن لەوانەیە بزەتان لێ زەوت بکات! قاوە و چا دوو گەورەترین تاوانبارن. ئەو مەوادەی لە پێکهاتەی ئەم دوو خواردنەوەیەدان، تێکەڵ بە رووکەشی ددان دەبن و زەردی دەکەن. هەوڵ بدەن خواردنەوەی ئەم خواردنەوانە سنووردار بکەنەوە.

بنێشتی بێ شەکرە بجاون
فڵچەی ددان هەمیشە بەسوود نییە و ئەگەر زۆری بەکار بێنن رووکەشی ددان لەناو دەچێت. بنێشتی بێ شەکرە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوی دەم زیاد بکات و ئەو مەوادەی لە ناو ددانەکاندا گیریان کردووە لەناو بچن و بەم شێوەیە بەرگیری لە خراپبوونیان دەکات.

بەردەوام سەردانی پزیشکی ددان بکەن

واباشە بەردەوام تەندروستیی دەم و ددانتان لە لای پزیشکی ددان کۆنتڕۆڵ بکەن. دۆزینەوە و چارەسەری خێرای کێشەکانی دەم و ددان هەم لە باری تێچوو و هەم لە باری تەندروستییەوە شیاوترە.

 

سەرچاوە: everydayhealth

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved