2/1/2021 06:12 PM

بۆچی زستانان قەڵەو دەبین؟

زۆر کەس وەرزی زستان یان پشوودانە درێژخانەنەکان بە هۆکاری زیادبوونی کێش دەزانێ چونکە زۆرینەی کاتەکان یان لە ماڵەوەن یان لە میوانین کە ئەمەش زێدەڕۆیی لە خواردنی لێدەکەوێتەوە بەبێ ئەوەی جووڵەیەکی ئەوتۆیان هەبێت. بەڵام لە باری زانستییەوە هەندێک هۆکاری دیکەش بۆ ئەم بابەتە هەن کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێ دەدەین.

بەرزبوونەوەی ئاستی میتابۆلیزمی جەستە

میتابۆلیزمی جەستە لە وەرزی زستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە؛ جەستەمان هەوڵ ئەدات کە وزەیەکی زیاتر بۆ دابینکردنی گەرمیی خۆی سەرف بکات. ئەوەش واتە ئێمە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بڕە وزەیە دەبێ خۆراکێکی زیاتر بخۆین و ئەوەش قەڵەوی لێدەکەوێتەوە. کەوابوو هەوڵ بدەن خۆتان و دەوروبرتان گەرم راگرن بۆ ئەوەی میتابۆلیزمی جەستە کەم بێتەوە.

پاشەکەوتی چەوری لەلایەن خانەکانەوە
بەپێی توێژینەوەکان، خانەکانی چەوریی جەستە دژکردەوەیەکی ئەرێنیان بەنیسبەت تیشکی خۆرەوە هەیە. ئەو خانانەی لە رووکاری دەرەوەی پێست نزیکترن، کاتێک بەر تیشکی خۆر دەکەون، بچووک دەبنەوە و هەر بۆیە چەورییەکی کەمتر پاشەکەوت دەکەن. بەڵام لە زستاندا چون تیشکی خۆر کەمە ئەم خانانە چەورییەکی زیاتر پاشەکەوت دەکەن و هەر بۆیە تا ئەو جێیەی دەتوانن خۆتان بەر تیشکی خۆر بدەن.

ئامادەبوون بۆ خەوی زستانی

ئێمەی مرۆڤ زیاتر لەوە شتەی وا بیری لێدەکەینەوە هاوشێوەی ورچین؛ هەردوک هەوڵ دەدەن لەماوەی وەرزی سەرمادا زیاتر بخەون. بەپێی توێژینەوە زانستییەکان لەگەڵ ساردبوونی هەوا، غەریزە سەرەتاییەکانی ئێمە دەستبەکار دەبن و ئێمە بێ ئەوەی بزانین هەوڵ ئەدەین زیاتر بخەوین بۆ ئەوەی کالۆرییەکی زیاتر پاشەکەوت بکەین. چونکە لە قووڵایی جەستەماندا هێشتاش ترس لەوەی کە نەتوانین خۆراکی پێویست دابین بکەین هەیە.

جووڵەی جەستە کەم دەبێتەوە
سەرەڕای ئەو هۆکارانەی لەو سەرەوەدا ئاماژەیان پێدرا، لە وەرزی سەرمادا ئەگەری وەرزشکردن بەنیسبەتی وەرزەکانی دیکە زۆر کەم دەبێتەوە. هەواوی سارد و رۆژکاری کورت دەبێتە هۆی ئەوەی تاقەتمان نەبێ لە ماڵەوە دەرکەوین و بەم شێوەیە جووڵەی جەستە کەم دەبێتەوە و کەم کەم کێش زیاد دەکات. هەر بۆیە هەوڵ بدەن لە سووچێکی ماڵەوە هەموو رۆژێک 20 بۆ 30 خولەک راهێنانی جەستەیی ئەنجام بدەن.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved