3/1/2021 04:19 PM

چەند خۆراکی قەدەغە بۆ مناڵی ساوا

کۆرپە شیرینەکەتان خەریکی گەشە و ئەزموونکردنی شتی جۆراوجۆرە؛ بۆ نموونە تام نوێ دەچێژێ و خۆراکی نوێ دەخوات بۆ ئەوەی ئەزموونێکی هەستەکی باش دەستەبەر بکات بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم جیهانە. بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە تا گەورەتر نەبێ ناتوانێ هەندێک لە خۆراکەکان تاقی بکاتەوە. لەڕاستیدا کۆمەڵێک خۆراکی قەدەغە هەن کە دەبێ لانیکەم تا بەر لەوەی تەمەنی دەگاتە ١ ساڵ نەیانخوات. لەدرێژەدا لەگەڵ بەشێک لەم خۆراکانە ئاشنا دەبین.

هەنگوین
لەوانەیە لە پێکهاتەی هەنگویندا بەکتریایەک هەبێ بە ناوی "کۆلستریدیۆم بۆتۆلینۆم". ئەم بەکتریایە بۆ کەسانی گەورەساڵ بێ زیانە بەڵام بۆ مناڵێک کە تەمەنی نەبووەتە یەک ساڵ هەندێک کێشەی تەندروستی دروست دەکات بۆ نموونە: کەم ئیشتیایی، ورووژانی سییەکان، قەبزی.

شیری مانگا
ئەم شیرە بۆ کەسانی گەورەساڵ بەسوودە بەڵام هەرسی ئەم شیرە بۆ مناڵێک کە تەمەنی نەگەیشتووتە ١ ساڵ ئاسان نییە. کەوابوو شیری وشک و شیری دایک باشترین خۆراکن بۆ کۆرپەی ساوا.

ئاوی میوە
ئاوی میوە بریتییە لە تێکەڵەی ئاو و شکر. ئەم مادە خۆراکییە کالۆری هەیە بەڵام چەوری، پرۆتین، کالیسیۆم، ڤیتامین D و ریشاڵی پێویست بۆ جەستەی مناڵی نییە. ئاوی میوە لەوانەیە ئیشتیای مناڵ بۆ شیری دایک و شیری وشک کەم بکاتەوە و تووشی سکچوونی بکات.

سپێنەی هێلکە
هەر لە کۆنەوە گوتوویانە سپێنەی هێلکە بۆ مناڵی ساوا باش نییە، ئەگەرچی دەوڵەمەندە بە پرۆتین و مەوادی کانگەیی. خواردنی سپێنەی هێلکە لەلاین کۆرپەی ساواوە لەوانەیە کێشەی پێستی و سکچوونی لێبکەوێتەوە.

خۆراکی شیرین
ئیشتیای مناڵ هێشتا بەتەواوی پێکنەهاتووە. ئەوان بەشێوەی سروشتی حەزیان لە خۆراکی شیرینە. بەڵام هێشتا سیستمێکی خۆراکیی تەواویان نییە؛ کەوابوو تام و چێژی دیکەیان پێ بناسێنن بۆ ئەوەی سیستمی تام کردن و خواردنیان بە دروستی پێک بێت. هەروەها هەوڵ بدەن خۆتان بپارێزن لە پێدانی مەوادی شیرینی دەسکرد بۆ نموونە کاکاو چونکە کافەئینی تێدایە.

 

سەرچاوە: whattoexpect، parenting

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved