6/1/2021 05:38 PM

ئەگەر واز لە خواردنی شیرەمەنی بێنین چی روو دەدات؟

سەرەکیترین سوودی شیرەمەنی بۆ تەندروستیی ئێمە دروستبوونی ئێسک و ددان و پاراستنی چوارچێوەی جەستەیە. بەڵام بەکارهێنانی شیرەمەنی زیاتر بۆ ئەو مناڵانەی لە گەشەکردندان پێویستە و کەسانی گەورەساڵ بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی تەندروست پێویستییەکی ئەوتۆیان بە شیرەمەنی نییە. لەدرێژەدا دەمانهەوێ بزانین بە خواردنی ئەم چەشنە خۆراکە لە جەستە چی روو دەدات.

لەوانەیە ئیتر تووشی سەرئێشە نەبن
بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەتوانن رێگەخۆشکەر بن بۆ نەخۆشیی میگرێن. کەوابوو ئەگەر دڵەڕاوکێتان نییە، خەوەکەتان باشە و قاوە کەم دەخۆنەوە، بەڵام بەردەوام تووشی سەرئێشە دەبن، لەوانەیە هۆکارەکەی بەکارهێنانی شیرەمەنی بێت.

هەستە سۆزدارانەکانتان سەقامگیرتر دەبێت
لە شیرەمەنیدا کۆمەڵێک هۆرمۆنی تێدایە کە لەوانەیە لەگەڵ هۆرمۆنەکانی ناو جەستە لێکدژ بن. تێکەڵبوونی ئەم هۆرمۆنانە لەوانەتە باری دەروونیتان تێک بدات و بەم جۆرە هەستە سۆزدارانەکانتان جێگیر نابن.

لەوانەیە ئیتر تووشی غازاتی گەدە و ریخۆڵە نەبن
بەپێی توژینەوەکان جەستەی 65٪ـی گەورەساڵان توانای هەرسکردنی "لاکتۆز"ـی نییە؛ واتە ئەو شەکرەی لە شیرەمەنییەکاندا هەیە. ئەمە بەو واتایەیە کە بەکارهێنانی شیرەمەنی لە گەورەساڵاندا دەبێتە هۆی بەدیهاتنی غازاتی گەدە و ریخۆڵە و هەروەها سکچوون. لەم بارەوە لەگەڵ پزیشکەکەتان راوێژ بکەن و بزانن ئایا جەستەتان ئەم چەشنە شەکرە هەرس دەکات یان نا.

لەوانەیە زیپکە دەربکەن
ئەو کەسانەی جەستەیان لەگەڵ شیرەمەنی ناگونجێت و بەڵام واز لە خواردنەکەی ناهێنن، ئەگەر هەیە دەموچاویان زیپکە دەربکات. شیرەمەنی وەک باس کرا بریتییە کە کۆمەڵێک هۆرمۆن کە هۆکارن بۆ پێکهاتنی زیپکە.

لەوانەیە لە مەوادە خۆراکیە پێویستەکان بێ‌بەش بن
سەرەڕای ئەو بابەتانەی باس کرا، شیرەمەنی سوودی زۆری بۆ جەستە هەیە. شیرەمەنی پڕاوپڕە لە کالیسیۆم، پرۆتین و ڤیتامینەکانی D و B12 و ئەگەرچی ئەم مەوادە زیاتر بۆ سەردەمی مناڵی و مێرمناڵی پێویستن بەڵام جەستە دەبێ بەردەوام لێی سوودمەند بێت. ئەگەر بەتەمان واز لە شیرەمەنی بهێنن هەوڵ بدەن جێگەی بەتاڵی ئەم خۆراکە بە جۆرەکانی ماسی وەکوو ماسی سەلەمۆن و شیرە گیاییەکان پڕ بکەنەوە.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved