10/1/2021 02:29 PM

ئەم خۆراکانە بە ئاسانی لەجەستەدا هەرس دەبن

هەموومان دەزانین کە هەرسی خۆراکەکان گرنگییەکی زۆری بۆ تەندروستیی جەستە هەیە. سەرەڕای ئەم زانیارییە بەداخەوە کەسانێکی زۆر تووشی کێشەکانی کۆئەندامی هەرس دەبن بۆ نموونە سکچوون، بای سک و قەبزی. هۆکاری بەشێک لەم کێشانە پەیوەندی بەو خۆراکانەوە هەیە کە دەیانخۆین. لەدرێژەدا باسی چەند خۆراک دەکەین کە بە ئاسانی هەرس دەبن و لەم کێشانە بە دوور دەبین.

برنج
برنج پڕاوپڕە لە کاربۆهیدرات کە بە ئاسانی هەرس دەبێت. بەڵام دەبێ ئەوە بزانن کە برنجێک کە ئامادە کراوە بۆ خواردن ئەگەر سارد بێتەوە هەرس بوونەکەی ئەستەم دەبێت. کەوابوو هەوڵ بدەن برنج بە گەرمی بخۆن.

گۆشتی بێ چەوری
ئەو گۆشتانەی چەوریان لەگەڵ نییە بۆ نموونە گۆشتی مریشک و گۆشتی قەل جگە لەوەی پڕواپڕن لە پرۆتین و مەوادە بەسوودەکانی دیکە، گەدە ئازار نادەن. واباشە ئەم دوو جۆر گۆشتە بە پێستەوە مەخۆن چون پێستی مریشک و قەل چەورییەکی زۆری تێدایە کە بە ئاسانی هەرس نابێت. هەروەها هەوڵ بدەن ئەم گۆشتانە بکوڵێنن و سووریان مەکەونەوە.

مۆزی گەییو
مۆزی سەوز و کاڵ نشاستەیەکی زۆری تێدایە و ئەم میوەیە دەکات بە خۆراکێک کە هەرسەکەی ئەستەم دەبێت. هەرچی مۆز زیاتر بگات، ئەم نشاستەیە دەبێت بە شەکر و هەرسەکەی ئاسانتر دەبێت

پەتاتەی کوڵیو
پەتاتە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کاربۆهیدراتە. بەشی زۆری کاربۆهیدراتی پەتاتە، واتە 15 بۆ 20٪ لە نشاستە پێکهاتووە. پەتاتەی نەکوڵاو نشاستەیەکی زۆری تێدایە و هەرسەکەی ئەستەمە بەڵام کاتێک پەتاتەکە بکوڵێنێ ئەم نشاستەیە بە ئاسانی هەرس دەبێت. پەتاتەی کوڵاو بەنیسبەت پەتاتەی برژاو و سوورەوەکراو خێراتر هەرس دەبێت.

سپێنەی هێلکە
هێلکە یەکێک لە خۆراکە بەسوودەکانە کە هەمیشە لەبەر دەستماندایە و پڕاوپڕە کە مادە خۆراکییە بەسوودەکان؛ هەر لە ڤیتامینەوە بگرە تا پرۆتینەکان. بەڵام زۆرینەی ئەم مادە خۆراکیانە لە زەردێنەی هێلکەدا کە چەورییەکەی زۆرە کۆ بوونەتەوە. هێلکەیەکی کوڵاو 5 گرام چەوری و 6 گرام پرۆتینی هەیە. کەوابوو ئەو کەسانەی کێشەی هەرسی خۆراکیان هەیە وا باشە سپێنەی هێلکە بخۆن.

ماست
ماست خۆراکێکە کە دەتوانێ جەستە لەبەرانبەر سکچوونێک کە بە هۆی ئەنتی‌بایۆتیکەکانەوە بەدی دێت بەتایبەت لە مناڵاندا، دەپارێزێت. ماس مادەیەکی تێدایە بە ناوی "پرۆبایۆتیک". ئەم مادەیە یارمەتی کۆئەندامی هەرس دەدات بۆ هەرسی خۆراکەکان و هەروەها بەهێزکردنی سیستمی بەرگری.

 

سەرچاوە: healthline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved