12/1/2021 10:15 PM

كه‌ی سریلاك ده‌درێت به‌ منداڵ؟

د.كامه‌ران ره‌سوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراك، له‌باره‌ی خواردنی سریلاكی منداڵان و ته‌مه‌نی گونجاو بۆ ده‌ستكردن به‌و خواردنه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی داوه‌.

له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا د.كامه‌ران چه‌ند رێنماییه‌كی بۆ دایكان و باوكان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت: سریلاك پێكدێت له‌ ئاردی یه‌كێك له‌ دانه‌وێڵه‌كان (برنج، شۆڤان، گه‌نم، جۆ، گه‌نمه‌شامی)، له‌گه‌ڵ شیری كه‌م چه‌وری، زه‌یتێك (خورما، كانۆلا، گوڵه‌به‌ڕۆژه‌) و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كرێت به‌ ڤیتامین و كانزاو مادده‌ دژه‌ ئۆكسانه‌كان.

گرنگترین ڕێنماییه‌كان:
1-هه‌میشه‌ به‌رواری دروستكردنی سریلاكه‌كه‌ بخوێنه‌وه‌؛ تا تازه‌تر بێت باشتره‌.
2-دوای هه‌شت مانگی بێجگه‌ سریلاك؛ پێویسته‌ منداڵ خواردنی تری پێبدرێت.
3-له‌ شه‌ش مانگیه‌وه‌ منداڵه‌كه‌ت زیاتر له‌ شه‌ش سه‌عات به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بخه‌وێت.

كه‌ی سریلاك بدرێت به‌ منداڵ:
1-له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی مانگی شه‌شه‌می منداڵی ساوا ده‌توانرێت بدرێت به‌ منداڵ و زۆربه‌ی پسپۆڕه‌كان كۆكن. پێش ئه‌و ته‌مه‌نه‌ باشتره‌ پێینه‌درێت.
2-ڕۆژی یه‌كه‌م یه‌ك كه‌وچك بدرێت به‌ منداڵ و به‌ هێواشی بۆی زیادبكرێت.
3-له‌ سه‌ره‌تادا به‌ ئاوی شیله‌تێن بگیرێته‌وه‌ تا به‌ئاسانی هه‌رسبكرێت؛ دواتر به‌ ته‌ردیج بڕی ئاوه‌كه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ تا له‌ مانگی نۆیه‌مدا وه‌كو هه‌ویرێكی شل ئه‌درێت به‌ منداڵ.
4-ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ به‌ زمانی ده‌ریهێنایه‌وه‌و تفی كرده‌وه‌؛ مه‌ڵێ نایخوات، چونكه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ حه‌زی له‌ خواردن نیه‌؛ به‌ڵكو ئه‌وه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی ئاساییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی شتێكی تازه‌یه‌.
5-پێویسته‌ پێش ته‌واوكردنی شه‌ش مانگی سریلاكێك نه‌درێت به‌ منداڵ گه‌نمی تێدابێت.
6-ئه‌گه‌ر منداڵێك زۆر قه‌بزبێت؛ باشتره‌ سریلاكی برنجی كه‌متر پێبدرێت.
7-ئه‌و سریلاكه‌ی هه‌نگوینی تێدایه‌ پێویسته‌ نه‌درێت به‌ منداڵی كه‌متر له‌ یه‌ك ساڵ.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved