13/1/2021 05:46 PM

مرۆڤەکان بەهەڵکەوت سەگیان کردووە بە ئاژەڵێکی ماڵی

زانایان دەڵێن ئەگەر هەیە زۆربوونی ئەو گۆشتەی مرۆڤ راوی کردووە بووبێتە هۆی ماڵی بوونی سەگ. لەوانەیە لە سەردەمی سەهۆڵبەنداندا راوچییەکان ئەوەی وا لە راوەکەیان مابێتەوە لەگەڵ گورگەکان دابەشیان کردبێت و بەم شێوەیە ئەم بوونەوەرە دەستەمۆ بووبێت.
کات و هۆکاری دەستەمۆ بوونی سەگ روون نییە. بەڵگە جینەتیکییەکان باس لەوە دەکەن کە لە نێوان 27 بۆ 40هەزار ساڵ لەمەوبەر سەگ لە باپیرانی خۆیان کە گورگ بوون جیا بووبێتنەوە. مێژووی کۆنترین سەگی نێژراو دەگەڕێتەوە بۆ 14,200 ساڵ لەمەوبەر و ئەوەش دەریدەخات کە سەگ لەو کاتەوە بووەتە ئاژەڵی ماڵیی مرۆڤەکان.
بەڵام روون نییە کە ئەم دەستەمۆبوونە سەرەتا لە ئەوروپا رووی داوە یان ئاسیا- یان لە شوێنەکانی دیکە- یان ئەوەی کە بۆ رووی داوە. سەگ تەنها بوونەوەرێکە کە لە لایەن مرۆڤی راوچییەوە دەستەمۆ کرا. ئاژەڵەکانی دیکە سەرجەمیان لە پاش پەرەسەندنی کشتوکاڵەوە دەستمۆ بوون. بۆچوونێک ئەوەیە کە مرۆڤ سەگی دەستەمۆ کرد بۆ ئەوەی لە راودا یارمەتی بدات. بۆچوونێکی دیکە ئەوەیە کە تەڕاتێن لە ناو پاشماوەی خۆراکی مرۆڤەکان لەلایەن گورگەوە بووە هۆی ئەوەی خوو بە مرۆڤەوە بگرن.
سەگ لە کاتێکدا دەستەمۆ بوو کە زۆرینەی ناوچەکانی "ئوراسیا/ ئاسیا و ئەوروپا" بە سەهۆڵ داپۆشرابوو و هەوا لە ئێستا ساردتر بوو. لەم سەردەمەدا، مرۆڤ و گورگ باشترین راوچی بوون و لەسەر دابین کردنی خۆراک بۆخۆیان رکەبەرایەتیان دەکرد. بەڵام گورگ دەتوانێ چەندین مانگ بە خواردنی گۆشتی بێ چەوری کە پرۆتینی تێدایە بژیت بەڵام مرۆڤ ئەم کارەی بۆ جێبەجێ نابێت. جەستەی مرۆڤ تەنها دەتوانێ بەشێکی کەم لە پرۆتینەکان هەرس بکات و دەبێ لە خۆراکەکانی دیکەش کەڵک وەربگرێت بۆ نموونە چەوری. بە گوتەی زانایان جەستەی ئێمە سازگاریی تەواوی لەگەڵ گۆشت نییە.
توێژەران دەڵێن ئەو راوەی مرۆڤ دەیکرد لە پێوسیتی خۆی زیاتر بوو و هەر بۆیە ئەم گۆشتە زیادیە لەلایەن گورگەوە بەکار دەهات و بەم شێوەیە زستانان رکەبەرایەتییەکی ئەوتۆیان لەسەر گۆشت نەبوو و بەم جۆرە لە یەک نزیک بوونەوە. ئەم نزیکبوونەوەیە لەوانەیە هیچ ئامانجێکی درێژماوەی لە پشت نەبووبێت بەڵام دواتر دەرکەوت کە گورگە دەستەمۆکراوەکان(سەگەکان) دەتوانن هاوکارێکی باش بن لە راوکردندا و هەر بۆیە ئەم پەیوەندییە بەردەوام بوو. زانایان دەڵێن گورکەکان بۆ مرۆڤ سەرنجڕاکێش بوون و هەر بۆیە لە دەوروپشتی خۆیان رایانگرتن.

 

سەرچاوە: newscientist

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved