14/1/2021 03:12 PM

چەند رێکاری سروشتی بۆ بەهێزکردنی بینایی چاو

بەکارهێنانی چاویکە یان عەدەسە دەتوانێ یارمەتیمان بدات دەوروبەری خۆمان بە باشی ببینین بەڵام چەندین شێوازی گرنگیش بۆ بەهێزکردنی بینایی چاو هەیە. زۆر شت لە ژیانی رۆژانەی ئێوەدا هەن کە دەتوانن لەسەر بینایی چاو شوێندار بن. لەدرێژەدا چەند رێکاری سروشتی دەخەینە روو کە دەتوانێ ببێتە هۆی بەهێزبوونی بینایی و پاراستنی تەندروستیی چاو بەگشتی.

دڵنیا بن لەوەی کە بە رادەی پێویست ڤیتامین A وەردەگرن
وەرگرتنی ڤیتامین A بۆ بینایی چاو پێویستە چونکە یارمەتی شەبەکەی چاو دەدات، واتە ئەو بەشەی لە پشتەوەی چاوەوە جێگیر بووە و لەگەڵ مێشک لە پەیوەندیدایە. لەناو شەبەکەی چاودا کۆمەڵێک خانە هەن بە ناوی "فتۆرسپتۆر" کە هەست بە تیشک دەکەن و سینگناڵ رەوانەی مێشک دەکەن تا ئەو شتەی دەیبینێت لێکی بداتەوە. ئەو ملۆکۆلەی ئەم سینگناڵەی لە ئەستۆتە، جۆرێک ڤیتامین Aـیە.

واز لە جگەرەکێشان بێنن
جگەرەکێشان دەتوانێ زیان بە شەبەکەی چاو بگەیەنیت و ببێتە هۆی لەناوچوونی "پەڵەی زەرد"، کێشەیەک کە دەتوانێ لێڵبوونی بینایی چاوی لێبکەوێتەوە. چونکە جگەرە رادەی ئەو ئۆکسجینەی کە دەگاتە چاو کەم دەکاتەوە و زیان بە دەمارە بچووکەکانی ناو چاو دەگەیەنێت.

چاویلکەی دژە خۆر بەکار بێنن
کاتێک بە بێ چاویلکەی دژە خۆر دەڕۆنە دەرەوە چاوەکانتان بە رادەیەکی زۆر بەر تیشکی سەروو وەنەوەشەیی دەکەوێت و ئەمەش زیان بە گلێنەی چاو دەگەیەنێت. کاتێک جەستە لەگەڵ تیشکی خۆر بەشێوەی راستەوخۆ بەرکەوتنی دەبێت جگە لە دروستبوونی کێشەکانی چاو، رێگە بۆ شێرپەنجەی پێستیش خۆش دەبێت.

یاسای 20-6-20 لەبەرچاو بگرن
سەیرکردنی شاشەی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان بە ماوەی زۆر دەتوانێ زەختێکی زۆر بخاتە سەر چاو. ئەم بابەتە نابێتە هۆی زیانی هەمیشەیی بەڵام دەتوانێ ببێتە هۆی لێڵبوونی کاتیی چاو، چونکە کاتێک سەیری شاشەی ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان دەکەین کەمتر چاومان دەترووکێنین و ئەمەش وشکبوونی چاوی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت کاتێک دەقێک دەخوێنینەوە. کەوابوو ئەم یاسایە لەبەرچاو بگرن:

*بە ماوەی 20 خولەک سەیری شاشەکە بکەن و ئینجا چاوتانی لەسەر هەڵگرن.
*لەم ماوەیەدا شتێک بدۆزنەوە کە مەوداکەی لەگەڵ ئێوە 6 مەترە.
*بەر لەوەی سەیری شاشەکە بکەنەوە بە ماوەی 20 چرکە سەیری ئەو شتە بکەن کە 6 مەتر مەوای لەگەڵ ئێوە هەیە.

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved