14/1/2021 03:20 PM

ئەتۆمیستەکان کێ بوون؟

مەحموود محەمەدیان
لێئۆکیپۆس دامەزرێنەری ئەم ڕەوتەیە و ئەگەرچی هەندێک لایان وایە کە ئەم کەسایەتییە هەر بوونی نییە بەڵام ئەرەستوو و تێئۆ فراستۆس ئەم کەسایەتییە بە دامەزرێنەری ڕەوتی ئەتۆمی دەزانن. گۆیا لێئۆکیپۆس شاگردی ئەمپێدۆکلێس بووە ئەم شتەش لە رووی فەلسەفەکەیەوە دەردەکەوێ، چون فەلسەفەی ئەتۆمی لەڕاستیدا گەشەی لۆژیکی فەلسەفەی ئەمپێدۆکلێسە. ئەتۆمییەکان(لێئۆکیپۆس و دێمۆکریتۆس) لایان وابوو یەکەی پێکهێنەری جیهان "ئەتۆم"ـمە. ئەتۆم شتێکە کە هیچ شتێک دزەی تێ ناکا، دابەش نابێت، چۆنایەتی نییە و تەنها چەندایەتین و لێک کۆبوونەوەی ئەم ئەتۆمانەیە کە هەقیقەتی گشتی بەرهەم دێنێت. گۆیا لێئۆکیپۆس کتێبێکی بووە بە ناوی "سەبارەت بە عەقڵ" کە تەنیا یەک ڕستە لەو کتێبە بەجێماوە و ئەویش ئەم ڕستەیەیە: "هیچ شتێک بەرهەمی هەڵکەوت نییە و جیهان بەرهەمی زەروورەتە". هەر وەک دەبینین تێپەڕین لە خائۆس(جیهانی ئالۆز) بەرەو کاسمۆس(جیهانی تەکووز) لە ئەتۆمییەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو خەریکە ڕوو دەدات. شتێکی دیکەش کە بۆ ئەتۆمیستەکان زۆر گرینگە ئەوەیە کە ئەوان لەسەر ئەو بڕوایە نین کە هێزێک لە دەرەوە کاریگەری لەسەر جیهان دادەنێت، جا چ "نۆس/ عەقڵ"ـی ئاناکساگۆراسی بێت و چ خوداکان. لەڕاستیدا ئەتۆم هەمان ژمارەی فیساغوورییە کە بە شێوەیەکی ڕەها ئینتزاعی ببۆوە و لە ئەتۆمیستەکاندا بەشێوەیەکی ڕەها ئینزامامی و بەرهەست دەبێتەوە. ڕەخنەیەکی جیددی کە بەرەڕووی ئەتۆمیستەکان دەکرێتەوە ئەوەیە کە ئەگەر ئەتۆم مادە بێت دەبێ دابەش ببێت و تایبەتمەندیی مادە دابەشبوونەکەیەتی. ئەم کێشەیە چەندین سەدە دواتر لە لایەن لایب‌نیتسەوە چارەسەر دەبێت و ئەو لە جیاتی ئەتۆمی مادی باسی ئەتۆمێکی نامادی دەکات و ناوی دەنێ "مۆناد".

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved