16/1/2021 03:16 PM

سوودەکانی خەنە

تێگەیشتنی خەڵک لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان لە وشەی "خەنە" هەندێک جیاوازە. زۆرینەی خەڵک خەنە بە مادەیەکی سوور-قاوەیی دەناسن کە بەشێوەی نەریتی بۆ رەنگ کردنی قژ و پێست بەکار دێت. بەڵام ئەم وشەیە ئاماژەیەکیشە بۆ ئەو گیایەی کە ئەم مادە رەنگییەی لێ بەرهەم دێت. ناوی زانستی ئەم گیایە "لاوسۆنیا ئینەرمیس"ـە و گوڵەکانی سپی و پەمەیین. لە درێژەدا بەشێک لە سوودەکانی ئەم گیایە بۆ تەندروستی و جوانی دەخەینە بەر باس.

رەنگی قژ
زۆرینەی خەڵک خەنە وەکوو رەنگی قژ بەکار دێنن، بەڵام خەنە جگە لە گۆڕینی رەنگی قژ، کاریگەریی دیکەشی هەیە. کاریگەریی خەنە لەسەر بەهێزکردنی قژ سەلمێندراوە. کەوابوو خەنە مادەیەکی باشە بۆ رەنگکردنی قژ و هیچ ئاسەوارێکی زیانبەخشیشی نییە.

کەمکردنەوەی وەرینی قژ
ئەوانەی قژیان دەوەرێ یان سەریان رووتاوەتەوە دەتوانن سوود لە خەنە وەربگرن. بەشێوەی نەریتی و بۆ ئەوەی زیاتر شوێندانەر بێت، واباشە ئاو یان رۆنی خەنە لەگەڵ سەرشیر تێکەڵ کەن و ئینجا بیخەنە سەر قژەکانتان.

بەهێزکردنی نینۆک
ژێر نینۆک شوێنێکی گونجاوە بۆ کۆبوونەوەی میکرۆبەکان. پاراستنی نینۆک بە هۆی خەنەوە بژاردەیەکی باشە. خواردنەوەی ئەو ئاوەی گەڵای خەنەی تێدا کوڵاوە بۆ بەرگیری لە شکانی نینۆک زۆر بەسوودە. لێدانی خەنە لە نینۆک دەتوانێ ئێش و هەوکردنەکان لەناو ببات.

چارەسەریی برین
یەکێک لە سوودە گرنگەکانی خەنە پاراستنی پێستە لەبەرانبەر هەوکردن و ورووژاندا. هەر بۆیە لە سەردەمی کۆندا بۆ چارەسەرکردنی برین خەنەیان بەکارهێناوە. چونکە جگە لەوەی رۆڵی توێژێکی پارێزەری هەیە لەبەرانبەر مەترسییە دەرەکییەکاندا، بەشێوەی سروشتیش فێنککەرەوەیە و گەرمیی پێست دەگرێت. ئەم تایبەتمەندییەی خەنە لە "ئالۆڤێرا"ـشدا هەیە.

لەناوبردنی بێ‌خەوی
پەیوەندی رۆنی خەنە و چارەسەرکردنی بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی خەو سەلمێندراوە. کەوابوو ئەگەر تووشی بێ‌خەوی و ماندوویەتی درێژماوە بوون، هەوڵ بدەن چەند دڵۆپ رۆنی خەنە تێکەڵ بە خواردنەکانی رۆژانەتان بکەن.

 

سەرچاوە: organicfacts

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved