16/1/2021 03:19 PM

ئەو دەرفەتانەی "ترس" دەیانخولقێنێت چین؟

دەروونناسان لەئێستادا بۆ چارەسەری ئەو کەسانەی ترس و دڵەڕواکێیان هەیە جگە لە شێوازە باوەکان، شێوازێکی چارەسەرکردنی نوێیان هەیە. ئەوان "راستەقینەی مەجازی/ Virtual reality" بەکار دێنن بۆ ئەوەی یارمەتی کەسەکان بدەن کە بەرەوڕووی ترسەکانیان ببنەوە. بۆ نموونە ئەگەر لە قەرەباڵغی دەترسن، ئێوە دەخەنە دۆخێکی مەجازییەوە کە لەناو کۆمەڵێک خەڵکدا بن و ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ ترسەکانتان رووبەڕوو ببنەوە و زاڵ بن بەسەریاندا. لەدرێژەدا دەمانهەوێ بزانین سوودەکانی ترس چین.

یارمەتیتان دەدات کێشتان دابەزێنن
ترس دەبێتە هۆی ئەوەی کالۆرییەکی زیاتر بسووتێنن. کاتێک ژمارەی لێدانی دڵ بەرز دەبێتەوە، ئادەرناڵینێکی زیاتر بەرهەم دێت و خێرایی میتابۆلیزمی جەستە زیاد دەبێت و لەم پرۆسەیەدا چەورییەکان دەسووتێن. بەپێی توێژینەوەیەک ئەو کەسانەی سەیری فیلمی ترسناک دەکەن بە ئەندازەی کەسێک لە کاتژمێرێک پیاسە دەکات کالۆری دەستووتێنن.

سیستمی بەرگری بەهێز دەکات
داوایان لە بەشداربووانی توێژینەوەیەک کرد کە سەیری فیلمێکی ترسناک بکەن. پاشان توێژەران تاقیکاریان لەسەر نموونەی خوێنی ئەم کەسانە ئەنجامدا و دەرکەوت کە هەست کردن بە ترس دەبێتە هۆی چالاکبوونی خڕۆکە سپییەکان و ئەمەش واتە بەهێزبوونی سیستمی بەرگری جەستە.

ورە و تواناییتان پێدەبەخشێت
کاتێک دەترسن جگە لە ئادەرناڵین، "سێرۆتۆنین"ـیش بەرهەم دێت و ئەم مادەیەش یارمەتی مێشک دەدات بە وزەیەکی زیاترەوە ئەرکەکانی راپەڕێنێت. بۆ نموونە ئەگەر هەموو رۆژێک لە شوێنێکی دیاریکراو پیاسە یان وەرزش بکەن بەخێرایی خوو بەم دۆخەوە دەگرن، بەڵام کاتێک شوێنێکی نوێ بۆ ئەم مەبەستە هەڵدەبژێرن و هەندێکیش ترسناکە، مێشک بەو پەڕی تواناییەوە لەگەڵ دۆخی نوێ رووبەڕوو دەبێتەوە.

دەبێتە هۆی نزیکی ئێوە و دەوروبەریەکانتان
کاتێک هەست بە ترس دەکەن، لە جەستەدا "ئۆکسی تۆسین" بەرهەم دێت، واتە ئەو هۆرمۆنەی کە دەبێتە هۆی پەیوەندی لەناو ئێوە و کەسانی دیکەدا. هەموومان غەریزەی رزگاربوون لەناخماندایە و ئەم غەریزەیە ئێمە هان دەدا بۆ زاڵبوون بەسەر ترسەکاندا و ئەوەش وادەکات پەیوەندی بە کەسانی دەوروبەرمانەوە بگرین.

یارمەتیمان دەدات بەرزتر لە چاوەڕوانییەکان دەرکەون
حاڵەتێکی دەروونی هەیە کە ناوی "کۆنیشانەی کرۆنۆس"ـە و دەبێتە هۆی ترسێک کە هەست بکەیت کەسێک جێی تۆ دەگرێتەوە؛ چ لە بواری کار و پیشەدا و چ لە پەیوەندییە خۆشەویستییەکاندا. دەروونناسان دەڵێن ئەم ترسە کاتێک ئاستێکی مامناوەندی هەبێت دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوون لە کارەکانماندا و بە بێ ترسێکی لەو چەشنە زۆرینەمان لە ژیان دوا دەکەوین.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved