16/1/2021 03:30 PM

ئەم مۆدێلانە سەلماندیان کە "جوانی" هیچ ستانداردێکی نییە

متمانەبەخۆیی یەکێک لە جوانترین تایبەتمەندییەکانی هەر کەسێکە. سۆپەرمۆدێلەکانیش ئەم راستییە باش دەزانن. بۆ نموونە سەرنجی "ئارمینە هارۆتیۆنیان" بدەن؛ سەرەڕای ئەم هەمووە مشت و مڕەی کە سەبارەت بە رواڵەتی نامۆی ئەم مۆدێلە هاتە ئاراوە بەڵام ئەو ئیمانی بە تواناییەکانی خۆی هەبوو و بوو بە یەکەم مۆدێلی ئەرمەنی کە تا ئێستا لە فاشن شۆی براندی "گۆچی"ـدا بەشداری کردووە. لەڕاستیدا دەبێ ئیزن نەدەین کەسانی دیکە دیاری بکەن کە ئێمە کێین. لەم بابەتەدا لەگەڵ چەندین مۆدێل ئاشنا دەبین کە پێوەرە باوەکانی جوانیان تێکشکاندووە و بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو خەڵکی جیهان.

ئێلیا سوفیا


رواڵەتی ئێلیا سوفیا بێگومان لەگەڵ کەسانی دیکە جیاوازە. چاوی گەورە و پان و دەمی بچووکی ئەم مۆدێلە بیرەوەریی ساڵە دوورەکانی هۆلیوود زیندوو دەکاتەوە و ئەویش بە باشی دەزانێ چۆناوچۆن تایبەتمەندییەکانی خۆی زەق بکاتەوە. ئێلیا مۆدێلێکی ناسراوە و لەگەڵ زۆرینەی ئەو گۆڤارانەی لە بواری مۆدەدا چالاکن هاوکاری کردووە.

جەکلین جەکی ئۆشۆنسی


ئەم مۆدێلە قژ زێوینە دەریخست کە بۆ سەرکەوتن لە پیشەسازیی مۆدەدا تەمەن گرنگ نییە. تەمەن لای جەکلین جەکی ئۆشۆنسی تەنها ژمارەیە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لە بۆنە بەناوبانگەکانی مۆدلینگدا بەشداری بکات. جەکی جگە لە مۆدێلی، ئەکتەریشە.

برا ئایۆنیشویلی


"برا ئایۆنیشویلی" مۆدێل و گۆرانیبێژێکی خەڵکی وڵاتی جۆرجیایە. ئەو ستانداردەکانی جوانیشی تێکشکاندووە. برا سەلماندی کە نەخۆشیی "ئالبینیزم/ Albinism" (نەخۆشییەک کە هەمووە مووەکانی جەستە سپی دەکات) ناتوانێ بەرگیری لە سەرکەوتن و شانازییەکی ئەو بکات.

دەبۆرا مۆرنۆ


"دەبۆرا مۆرنۆ" مۆدێلێکی هۆڵەنداییە کە کێشە پێستییەکەی، واتە "ڤیتیلیگۆ"، نەبووە لەمپەرێک لەبەرانبەر سەرکەوکەوتنەکانیدا. ئەو مۆدێلە، پێداگر و جوان و متمانەبەخۆیە. دەبۆرا ژنانی دیکە فێر دەکات کە جوانیی خۆیان بە هەر چەشنێکە قەبووڵ بکەن.

مێلۆدی میکڵ


ئەم مۆدێلە ئەمریکییە بە جیهانی سەلماند لە پەڵەپەڵەبوونی دەموچاو هەم سروشتییە و هەم جوان. میکڵ سەرقاڵی کاری مۆدێلییە و سەرچاوەی ئیلهامی سەرجەم ئەو کەسانەیە کە رواڵەتیان هاوشێوەی ئەوە.

ئارمینە هارۆتیۆنیان


ئەم مۆدێلە ئەرمەنییە لە فاشن شۆی براندی گۆچیدا بەشداری کرد. پاش ئەم رووداوە مشت و مڕەکان سەبارەت بە گونجاوبوون یان گونجاونەبوونی ئارمینە بۆ کاری مۆدێلی لە ئیتاڵیان گەرم بوون. هەندێک لایان وابوو ئارمینە ئەو جوانییە باوەی مۆدێلەکانی نییە بەڵام هەندێک کەس ئیمان و بڕوابەخۆیی ئارمینەیان ستایش دەکرد.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved