17/1/2021 03:39 PM

زیانەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان

تایبەتمەندیی سەرەکیی خواردنەوە وزەبەخشەکان بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری و وزەیە بۆ راپەڕاندنی چالاکیی رۆژانە، بەڵام لە مەوادێک پێکهاتوون کە کاریگەریی نەرێنیان لەسەر جەستە هەیە؛ ئەم مەوادە بریتین لە: کافەئین، شەکر، ڤیتامین B، گیا بۆنخۆشەکان بۆ نموونە زەنجەفیل و ... . لەدرێژەدا بەشێک لەم زیانانە دەخەینە روو.

تەندوستیی دڵ دەخەنە مەترسییەوە
کافەئین بە هۆی ئەوەی ئاستی هوشیاری بەرز دەکاتەوە مادەی سەرەکیی پێکهاتنی خواردنەوە وزەبەخشەکانە. کاتێک ئەم مادەیە بە رێژەیەکی زۆر بەکار بێت (400 میلی‌گرام لە رۆژێکدا) دەتوانێ ئەم کێشانەی لێبکەوەێتەوە: کێشەکانی دڵ و دەمارەکان، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، بەرزبوونەوەی ژومارەی لێدانی دڵ و نارێکبوونی لێدانی دڵ.

پڕاوپڕن لە شەکر
لە 225 گرام خواردنەوەی وزەبەخش، 27 بۆ 31 گرامی شەکرە. بە گوتەی کارناسان خواردنی شەکر لەلایەن ژنانەوە نابێ رۆژانە لە 25 گرام یان 5 کەوچکەچا تێپەڕ بێت و بۆ پیاوانیش نابێ لە 36 گرام یان 9 کەوچکەچا زیاتر بێت. زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی شەکردا کۆمەڵێک کێشەی لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە: شێرپەنجە، شەکرە و کێشەکانی دڵ.

ئەم خواردنەوانە نابێ لەگەڵ خواردنەوەی کحولی تێکەڵ بکرێن
زۆر جار ئەم خواردنەوانە لەگەڵ خواردنەوەی کحولی تێکەڵ دەکرێن و دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکان کحولێکی زیاتر بخۆنەوە و ئەمەش گیرۆدەبوون بە کحول و کۆمەڵێک کێشەی دیکەی لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە: لەدەستدانی هاوسەنگیی جەستە، کێشەکانی دڵ و دەمار و شتی لەم چەشنە.

زیانی خواردنەوە وزەبەخشەکان بۆ مێرمناڵان زیاترە
مێرمناڵان چونکە جەستەیان خەریکی گەشەیە ناتوانێ لەبەرانبەر زیانەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکاندا خۆڕاگری بکات. هەر بۆیە بە گوتەی کارناسان زێدەڕۆیی مێرمناڵان لە بەکارهێنانی خواردنەوە وزەبەخشەکاندا دەتوانێ ئەم کێشانەی لێبکەوێتەوە: کێشەکانی دڵ و مێشک، گەشەی ناتەواو، بەرزبوونەوەی مەترسیی خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکانی دیکە و ئاڵۆزبوونی خەو.

#بوونی 7 بۆ 8 کاتژمێر خەوی شەوانە، خواردنی پرۆتین و کاربۆهیدراتەکان لە نێوان ژەمە سەرەکییەکاندا و خواردنی ئەو چۆڵکێتانەی ئەنتی‌ئۆکسیدەنت و فلاونۆئید و کافەئینیان تێدایە دەتوانێ جێگرەوەیەکی باش بن بۆ خواردنەوە وزەبەخشەکان.

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved