17/1/2021 03:46 PM

هۆکارەکانی کەمبوونی شیری دایک

شیردان یەکێکە لە ئەزموونە گرنگەکانی جیهانی مناڵداری و دایکایەتییە. یەکێک لە نیگەرانییەکانی هەر دایکێک ئەوەیە کە خواردنێکی باش و پێویست دەدات بە مناڵەکەی یان نا. بۆ ئەم مەبەستە لەبەرچاوگردنی هەندێک خاڵ لەوانەیە یارمەتیدەر بێت. سەرەتا دەبێ بزانن ئەو هۆکارانەی شیری دایک کەم دەکەنەوە چین. لەدرێژەدا لەگەڵ بەشێک لەم هۆکارانە ئاشنا دەبین.

بەکارهێنانی شیری وشک
دەبێ ئەوە بزانن کە بەو رادەیەی کۆرپەکە شیر دەخوات، بەو رادەیەش شیر لە جەستەی دایکدا بەرهەم دێت. کاتێک مەمک بەتاڵ دەبێ لە شیر نیشانەیەکە بۆ ئەوەی جەستە شیر بەرهەم بێنێت. بەڵام ئەگەر لەجیاتی شیری دایک شیری وشک بدرێت بە مناڵ، پرۆسەی بەرهەمهاتنی شیر ئاڵۆز دەبێت و کەم دەبێتەوە.

بەکارهێنانی مەمەی شیر
مژینی مەمەی شیر لەگەڵ مەمکی دایک جیاوازی هەیە. خواردنی شیری دایک پێویستی بە مژینێکی زیاتر هەیە بەڵام خواردنی شیر لە رێگای مەمەی شیرەوە بۆ کۆرپەکە ئاسانترە. کەوابوو ئەگەر مناڵ خوو بە مەمەی شیرەوە بگرێت، ئیتر حەزی لە مژینی مەمکی دایکی نابێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شیری دایک.

بەکارهێنانی مەمکە مژە

مەمکە مژە کاریگەریی نەرێنی لەسەر مژینی مەمکی دایک هەیە، بەڵام چۆناوچۆن؟ مەمکە مژە ماوەی مژینی مەمکی دایک کەم دەکاتەوە. هەر چەندە مناڵەکە کەمتر مەمکی دایکی بمژێت، ئەو شیرەی بەرهەم دێت کەم دەبێتەوە.

پلاندانان بۆ شیردان بە مناڵ
شیردان بە مناڵ هیچ یاسایەکی نییە؛ هەر کات برسی بوو دەبێ شیری پێ بدەیت. ئەگەر بۆ شیردان پلانێکی تایبەت دابڕێژن، پرۆسەی بەرهەمهاتن و داخوازی بۆ شیر تووشی ئاڵۆزی دەبێت و بەم جۆرە شیری دایک کەم دەبێتەوە.

خەواڵووبوونی مناڵ
مناڵ لەو چەند هەفتەیەی یەکەمی لەدایکبوونیدا زۆر خەواڵوون و زۆر بە کەمی شیر دەخۆن. تا ئەو کاتەی مناڵ خەواڵووە، لانیکەم  بە هەر 2 کاتژمێر جارێک لە رۆژدا و بە هەر 4 کاتژمێر جارێک لە شەودا شیر بە مناڵەکەتان بدەن بۆ ئەوەی جەستە بتوانێ شیری پێویست دابین بکات.  

 

سەرچاوە: Chetor

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved