18/1/2021 05:46 PM

ئەم هەڵانە زیپکەی لێدەکەوێتەوە

بەشێک لەو کارە سادانەی کە هەموو رۆژێک ئەنجامی دەدەین دەتوانن مەترسیی دەرکردنی زیپکە زیاد بکەن. لەوانەیە لاتان وابێ ئەوەی وا پێویستە بۆ تەندروستیی پێستتان ئەنجامتانداوە بەڵام دیسانیش زیپکەکان سەرهەڵدەدەنەوە. بەدڵنیاییەوە ئەم بابەتە بێ‌هۆ نییە. لەدرێژەدا لەگەڵ چەند هەڵە ئاشنا دەبین کە بەنیسبەت پێستمانەوە ئەنجامی دەدەین و دواجار دەرکردنی زیپکەی لێدەکەوێتەوە.

بەکارهێنانی کرێمی دژەخۆری نەگونجاو
پاراستنی پێست لەبەرانبەر خۆردا زۆر گرنگە بەڵام بەشێک لە کرێمە دژەخۆرەکان دەتوانن ببنە هۆی دەرکردنی زیپکە. لە پێکهاتەی هەندێک لە دژۆخۆرەکاندا فیلتەری ئۆرگانیکی رۆنی تیدایە کە دەتوانێ پێست بورووژێنێت و زیپکە سەرهەڵبدات. بەشێکی دیکە لە کرێمە دژەخۆرەکان ئەو کرێمە قورسانەن کە کونەکانی پێسیت دەگرن و دەبنە هۆی سەرهەڵدانی چەندین جۆری زیپکە. باشترین رێگا بەکارهێنانی ئەو شێدارکەرەوە تایبەتانەن کە مادەی SPFـیان تێدایە.

پاک نەکردنەوەی چاویلکە
ئەگەر ئەو شوێنانەی کە چاویلکە لێی جێگیر دەبێت بەردەوام زیپکە دەکات، بە ئەگەری زۆر فرێمی چاویلکەکە پاک ناکەنەوە. پزیشکەکان دەڵێن بە جوانی سەرنجی شوێنی زیپکەکان بدەن و ئەو بەشە لە فرێمی چاویلکەکە بە جوانی پاک بکەنەوە. یان لەوانەیە چاویلکەکەتان زۆر تەنگ بێت و کاتێک زەخت دەخاتە سەر خانە مردووەکان، کونەکانی پێست دابخات و ئەمەش هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی زیپکە.

زێدەڕۆیی لە شۆردنی دەموچاودا
پاککردنەوەی پێست کارێکی گونجاوە بۆ بەرگیری لە کێشەکانی پێست و سەرهەڵدانی زیپکە. بەڵام زێدەڕۆیی لەم کارەدا دەتوانێ دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبێت. ئەم کارە هاوسەنگیی ژینگەی پێست تێک دەدات و پێست هان دەدات چەورییەکی زیاتر بەرهەم بێنێت و زیاتر زیپکە دەربکات.

شۆردنی دەموچاو لە حەمام
ئێمە لەکاتی حەمامکردندا بەگشتی ئاوێک بەکار دێنین کە بۆ دەموچاو گەرمە. ئاوی گەرم پێست دەورووژێنێت و دەتوانێ هێڵی بەرگریی پێست لاواز بکات. ئاوی گەرم چەوریی سروشتیی پێست لەناو دەبات و ئەمەش وشکبوونی پێست و کۆمەڵێک کێشەی دیکەی لێدەکەوێتەوە بۆ نموونە زیپکە.

حەمام نەکردن لەدوای وەرزش
ئەو بەکتریانەی لەسەر پێستن و بە هۆی عارەقە کردنەوە گەیشتوونەتە ئەوێ دەتوانن کونەکانی پێست قەپات کەن و ببنە هۆی زیپکە دەرکردن. پسپۆڕانی پێست دەڵێن، پاش وەرزشکردن دەبێ حەمام بکەن و چەوری و ناپاکییەکان بشۆنەوە.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved