18/1/2021 05:49 PM

بۆ نابێ لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بەشەڕ بێین؟

زەینی ئێمە لەوانەیە سەرقاڵ بابەتی ورد و درشت بێ؛ بۆ نموونە هەڵکشانی تەمەن، نەخۆشی، مەرگی ئازیزان، گەورەبوونی مناڵەکان، دواکەوتنی یانەی دڵخواز و شتی لەم چەشنە. لەوانەیە ئێمە حەزمان لە هیچ کام لەم گۆڕانکاریانە نەبێت، بەڵام خۆڕاگری لەبەرانبەریاندا تەنها دەبێتە هۆی ئەوەی هەستێکی خراپترمان هەبێت و تەنانەت هەندێک جار رەفتاری نەگونجاویش لە خۆمان نیشان بدەین.
ئەوەتان لەیاد بێت کە ئێوە دەتوانن گۆڕانکارییەکان وەربگرن و لەهەمانکاتدا هەوڵ بدەن بۆ گۆڕاکاریی باشتر! قەبووڵکردنی ئەم راستییە کە ئەزموونە دەروونی و دەرەکییەکانی ئێمە بەردەوام لە گۆڕاندان بەو واتایە نییە کە ئێمە نابێ بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکانمان هەوڵ بدەین. هەروەها ئەوەتان لەبەرچاو بێت کە ئەوەی وا لە سەرەتادا لاتان شتێکی ناخۆش بوو، لەوانەیە هەندێک لایەنی ئەرێنیش تێدا بێت. ئەوە بە واتای چاوپۆشی لە ناخۆشییەکان نییە، بەڵکوو بە واتای گەڕان بەشوێن دەرفەتە نوێیەکانە.
هەناسەیەک بدەن و لە هەر هەناسەیەکدا ئیزن بدەن هەستەکانتان تێکەڵ بە هەناسەکانتان بێت. لە هەر هەناسەیەکدا، ژمارەیەک کۆتایی دێنە ئاراوە! بیرکردنەوە لەو شتانەی کە لە ساتە زۆر بچووکەکاندا کۆتاییان دێت، لەوانەیە پرسێکی سامناک بێت. بەڵام ئەمانە هەموویان دەتوانن لەگەڵ دەسپێک و نۆژەنبوونەوە یەک لەدوای یەکەکانی ئێوە تەریب بن. تێگەیشتن لەم بابەتە یارمەتی دەدات کە بە زەینێکی ئاسوودەوە قەبووڵی بکەین کە وازهێنان و شەڕ نەکردن هیچ کێشەیەکی نییە. رەنگە قسەیەکی لێکدژ (پارادۆکسیکاڵ) بێت بەڵام ئەگەر ئیزن بدەن ئەزموونەکانتان بەردەوام بگۆڕدرین، دەگەن بە ئارامییەکی سەقامگیر.

 

سەرچاوە: psychologytoday

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved