19/1/2021 04:18 PM

لە ترسی کۆرۆنا سێ مانگە لە فڕۆکەخانە دەژیت

پیاوێکی خەڵکی کالیفۆرنیا کە هۆی ترس لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەدەگەڕاوە بۆ ماڵەکەی، ماوەی سێ مانگ بەشێوەی نهێنی لە فڕۆکەخانەی "ئوهار"ـی ویلایەتی شیکاگۆ ژیا. "ئادیتا ئودای سینگ"ـی تەمەن 33 ساڵ بەیانی رۆژی شەممەی رابردوو لە فڕۆکەخانەی ئوهار دەستبەسەر کرا و تۆمەتی دروستکردنی شوناسی ساختە لە بەشی قەدەغەکراوی فڕۆکەخانەی بەسەردا سەپا. سینگ رۆژی دواتر لە دادگا ئامادە بوو، ئەو شوێنەی وا بەرپرسان رایانگەیاند کە ئەو 19 ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو لە لۆس ئانجلێسەوە گەیشتووەتە ئێرە. بە گوتەی بەرپرسانی پۆلیس، ئەم پیاوە کالیفۆرنیاییە پاش ئەوەی گەیشتووەتە فڕۆکەخانە تا ئەو کاتەی لە 16ـی ژانویەدا دەستبەسەر دەکرێت لە بەشی ئەمنی فڕۆکەخانەدا دەژیا.
وادیارە پاش ئەوەی کە دوو کەس لە کارمەندانی هێڵە ئاسمانییەکانی "یونایتد ئەیرلاینز" داوای ناسنامەیان لێکردبوو، ئەو ناسنامەیەکی ئاراستە کردبوون کە هی بەڕێوەبەرێکی ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەخانە بوو کە پاش ونبوونەکەی لە کۆتاییەکانی ئۆکتۆبەردا بە بەرپرسان راگەیەندرابوو. "کاتلین هاگرتی"ـی راوێژکاری داواکاری گەشتیی لە دادگا رایگەیاند کە سینگ گوتوویەتی بەهۆی ترس لە کۆڤید-١٩ نەیویستووە بگەرێتەوە بۆ ماڵەوە و لەم ماوەیەدا موسافیرەکان خواردنیان پێداوە. "سۆزانا ئورتیز"ـی دادوەری "کوک کانتی" بەهۆی ئەم رووداوەوە تووشی سەرسوڕمان بوە و بە جێگەرەکەی گوتووە: "کەوابوو ئەگەر باش لە قسەکانی جەنابت تێگەیشتبێتم، خەریکی بە من دەڵێی کە کەسێکی نابەرپرس کە کارمەندی فڕۆکەخانەش بووە لە 19ـی ئۆکتۆبەری 2020ـەوە تا 16ـی ژانویەی 2021 لە ناو بەشی ئەمنی فڕۆکەخانەی ئوهاردا ژاوە و کەسیش نەیزانیوە؟"
پارێزەرەکەی سینگ گوتوویەتی کە سینگ دانیشتووی پەڕاوێزەکانی "ئورین کانتی"ـی لۆس ئانجلێسە و هیچ پێشینەیەکی خراپی نییە. دەگوترێ کە دادوەری ئەم دۆسیەیە 1000 دۆلار بارمتەی بۆ ئەم پیاوە هیندییە دیاریکردووە و ئیتر مافی ئەوەی نییە بێتە ناو فڕۆکەخانەی ئوهارەوە و دەبێ 27ـی ئەم مانگەش لە دادگا ئامادە بێت. فڕۆکەخانەی ئوهار قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی جیهانە لە باری ژمارەی ئەو فڕۆکانەی کە رۆژانە لەم فڕۆکەخانەیە دەنیشنەوە یان دەفڕن و بەر بڵابوونەوەی کۆرۆنا هەموو ساڵێک زیاتر لە 84.6 ملیۆن موسافیر کەڵکیان لێوەردەگرت.

 

سەرچاوە: CNN

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved