20/1/2021 02:38 PM

بەم هۆکارانە دەبێ بەیانیان زەیتی زەیتوون بخۆن

زۆربەی ئێمە زەیتی زەیتوون لە ناو خواردنەکاندا بەکار دێنین. بەڵام ئەگەر بە جیا بیخۆین دەتوانین زیاتر لە سوودەکانی کەڵک وەرگرین. کاریگەریی ئەرێنیی ئەم زەیتە لەسەر تەندروستیی دڵ سەلماوە بەڵام هەموو ئەندامەکانی جەستە لەم کاریگەرییە ئەرێنییە سوودمەند دەبن. خواردنی یەک کەوچک زەیتی زەیتوون لە بەیانیاندا ئاسەواری سەرسوڕهێنەری لەسەر جەستە هەیە و بایەخی ئەوەی هەیە تاقی بکەنەوە.

ئاڵوگۆڕ بەسەر پێستتاندا دەهێنێت
زەیتی زەیتوون یەکێک لە مەوادی سەرەکی بەرهەمە جوانکارییەکانە و دەتوانێ بەشێوەی خۆراکیش سوودی بۆ پێست هەبێت. ئەم زەیتە سووربوونەوە و ورووژانی پێست کەم دەکاتەوە و لەوانەیە تا چەندین ساڵ بەرگیری لە چرچبوونی پێست بکات. زەیتی زەیتوون دژەبەکتریایە و جەستە لە هەوکردنە جۆراوجۆرکان دەپارێزێت.

کێش دادەبەزێنێت
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی سیستمی خۆراکی مەدیتەرانەیی کە پڕاوپڕە لە زەیتی زەیتوون کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کێشی جەستە هەیە. زیاتر لە 180 کەس لە توێژینەوەیەکی 3 ساڵەدا بەشداریان کرد و سەلمێندرا خواردنی زەیتی زەیتوون یارمەتی کەمکردنەوەی کێشی جەستە دەدات.

بۆ مێشک بەسوودە
خواردنی زەیتی زەیتوون دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەو مەوادەی لەناو خانەکانی مێشکدا کەڵەکە بوون. ئەم مەوادە کەڵەکە‌بووە دەبنە هۆی نەخۆشیی ئەلزایمێر کە باوترین نەخۆشیی زەینی جیهانە. ئەو کەسانەی بە بەردەوامی زەیتی زەیتوون بەکار دێنن بیرگەیان بەهێزترە لەو کەسانەی کەمتر چەوری دەخۆن.

ئێسک دەپارێزێت
ئەو مەوادەی لە پێکهاتەی زەیتی زەیتووندایە بۆ ئەو کەسانەی تووشی رۆماتیسمی جۆمگە هاتوون بەسوودە. ئەم زەیتە کاتێک باشتر کاریگەرییەکانی دەردەخات کە لەگەڵ زەیتی ماسی تێکەڵ بکرێت کە سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئۆمێگا 3ـیە.

کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن دەکات
زەیتی زەیتوون گلۆکۆزی خوێن کەم دەکاتەوە. ئەم زەیتە جەستە لەبەرانبەر شەکرەی جۆری 2دا دەپارێزێت و لەوانەیە مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە تا 40٪ کەم بکاتەوە.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved