21/1/2021 04:01 PM

سوودە تەندروستییەکانی زەعفەران

زەعفەران بەهاراتێکە کە لە گیاکەوە بەرهەم دێت کە هەمان ناوی هەیە و ناوە زانستییەکەی "کرۆکۆس ساتیڤۆس/ Crocus Sativus"ـە. گوڵی زەعفەران لە پرۆسەیەکی تایبەتدا وشک دەکرێت و پاشان لە خواردنەکاندا بەکاری دێنن. زەعفەران زیاتر لە ١٥٠ مادەی بەسوودی تێدایە بۆ نموونە: کارتنۆئیدم سافرانال، ئەنتی‌ئۆکسیدەنت، مەوادی کانگەیی و ڤیتامینەکان کە هەموویان بۆ تەندروستیی جەستە پێویستن. لەدرێژەدا ئاماژە بە بەشێک لە سوودەکانی ئەم بەهاراتە بەبایەخە دەکەین.

بەهێزکردنی سیستمی بەرگری: ڤیتامین C یان ئاسکۆربیک ئاسید رۆڵێکی گرنگی لە تەندروستیی مرۆڤدا هەیە و دەبێتە هۆی بەرهەمهاتنی خڕۆکەی سپی کە یەکەم هێڵی بەرگری جەستە پێک دێنن. زەعفەران سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ ئەم مادە بەبایەخە.

زیادکردنی خێرایی سووڕی خوێن: زەعفەران وزەبەخشە وبە بەرزکردنەوە ئاستی میتابۆلیزمی جەستە، خێرایی سووڕی خوێن زیاد دەکات و بەم شێوەیە خانەکان ئوکسجینێکی زیاتریان پێدەگات و ئەندامەکانی جەستە بەهێز دەبن.

پاراستنی تەندروستیی دڵ: پوتاسیۆم یەکێکە لەو کانزایانەی کە لە پێکهاتەی زەعفەراندا هەیە. پوتاسیۆم دەبێتە هۆی هەراوبوونەوەی دمارەکان و بەم جۆرە فشاری خوێن دەبێتەوە. کەوابوو زەعفەران بەرگیری لە جەڵتەی دڵ و مێشک دەکات.

شەکرە کۆنتڕۆڵ دەکات: زەعفەران دەوڵەمەندە بە مەنگەنیز. مەنگەنیز دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ رێکخستنی شەکری خوێن. لەئێستادا نەخۆشیی شەکرە یەکێک لە باوترین نەخۆشییەکانی و ملیۆنان کەس تووشی بوون. بە رێکخستنی شەکری خوێن، ئانسۆلین و ئاستی گلۆکۆز دەتوانن بەرگیری لە جۆری دووەمی ئەم نەخۆشییە بکەن.

 

سەرچاوە: organicfacts

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved