23/1/2021 03:59 PM

سوودەکانی جۆ

جۆ یەکێک لە گرنگترین دانەوێڵەکانە کە رۆژانە بەکار دێت و بەشێوەی جۆراوجۆر لە خواردنەکاندا کەڵی لێوەردەگیرێت. زۆرینەی خەڵک سەرەڕای ئەوەی هەموو رۆژێک ئەم دانەوێلە گرنگە بەکار دێنن بەڵام لە سوودەکانی بۆ تەندروستیی جەستە بێ‌ئاگان. لەم بابەتەدا بەشێک لە سوودەکانی جۆ دەخەینە بەر باس.

کێشی جەستە کەم دەکاتەوە: جۆ پڕاوپڕە لە ریشاڵ و ئاسید ئامینییە پێویستەکان و ئەمانەش کێشی جەستە کەم دەکەنەوە. جۆ شوێندانەرە لەسەر رێکخستنی شەکری خوێن و بەرگیری لە هەڵکشان و دابەزینی شەکری خوێن کە هۆکارە بۆ پاشەکەوتی چەوری، دەکات.

سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ ڤیتامین B3: نیاسین یان ڤیتامین B3 سوودێکی یەکجار زۆری بۆ دڵ و دەمارەکان هەیە. نیاسین یارمەتی جەستە دەکات بۆ کەمکردنەوەی کۆلستڕۆڵی زیانبەخش، لیپۆپرۆتین و رادیکاڵە ئازادەکان و بەم شێوەیە مەترسیی خەستبوونەوەی خوێن و بەستنی خوێن کەم دەکاتەوە.

چەوریی ورگ کەم دەکاتەوە: لە ژاپۆن توێژینەوەیەک لەسەر 44 کەس ئەنجامدرا و دەرکەوت زیادکردنی جۆ لە سیستمی خۆراک، کۆلستڕۆڵ و چەوریی ورگ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. ئەم دووانە دوو هۆکاری سەرەکین بۆ پێکهاتنی نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار.

بەرگیری لە پێکهاتنی بەردی زراو دەکات: جۆ ئاستی "تری گلیسیرید" کەم دەکاتەوە. خواردنی جۆ مەترسیی پێکهاتنی بەردی زراو کەم دەکاتەوە. هەروەها جۆ پڕاوپڕە لە ریشاڵ و ئەم ریشاڵە بە کەمکردنەوەی ئاسیدی سەفرا، بەرگیری لە دروستبوونی بەردەکانی ناو کیسەی زراو(سەفرا) دەکات.

تەندروستیی ددان دەپارێزێت: جۆ دەوڵەمەندە بە فۆسفۆر، کالسیۆم و ڤیتامین C. ئەم مەوادە تەندروستیی ئێسک و ددانەکان دەپارێزن. هەروەها ئاوی جۆ پڕاوپڕە لە مەنگەنیز، فۆسفۆر و مس کە هەموویان هۆکارن بۆ بەهێزبوونی ئێسک و ددان.

 

سەرچاوە: lifehack

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved