23/1/2021 04:02 PM

نەخواردنی نانی ئێوارە هۆکارە بۆ قەڵەوبوون

توێژینەوەیەکی بەربڵاو دەریخستووە کە نەخواردنی نانی ئێوارە، لەوانەیە هۆکار بێت بۆ بەرزبوونەوەی کێش و ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی زیاد دەکات. زانایان چەندین ساڵە باس لە پەیوەندیی نەخواردنی نانی بەیانی و بەرزبوونەوەی کێش دەکەن بەڵام تا ئێستا تەنها چەند توێژینەوەی بەرتەسک باسی کاریگەریی ژەمە خواردنەکانی دیکەیان کردووە لەسەر تەندروستیی جەستە.
بەڵام توێژەرانی زانکۆی "ئوساکا" کە لە توێژینەوەکەی خۆیاندا خەریکی تاوتوێی ئەو خووانە بوون کە پەیوەندیان بە ژەمە خواردنەکانەوە هەیە بەم دەرئەنجامە گەیشتن کە نەخواردنی نانی ئێوارە رۆڵێکی گرنگی لە بەرزبوونەوەی کێشی جەستەدا هەیە. توێژەران لەم توێژینەوەیەدا بە ماوەی 3 ساڵ تاقیکاریان لەسەر 17,573 پیاو و 8,860 ژنی خوێندکاری تەمەن 18 ساڵ بەرەو سەرەوە لە زانکۆی ئوساکا ئەنجامدا. یەکێک لە پرسیارەکان کە لە "Chek Up"ـی ساڵانەی خوێندکاراندا هاتبوو ئەوە بوو کە چ کاتێک نانی بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە دەخۆن.  
ژمارەی ئەو خوێنداکارانەی کە دەیانگوت هەندێک جار نانی ئێوارە ناخۆن کەم بوو بەڵام توێژەران تێگەیشتن ئەم کەسانە ئەگەری چەندین شتیان تێدا بەرز بووەتەوە: رواڵەتێکی بەتەمەنتر، قەڵەوی، جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول، کەم‌خەوی. توێژەران بۆیان روون بووەوە کە پەیوەندییەکی بەرچاو لەنێوان نەخواردنی نانی ئێوارە و بەرزبوونەوەی 10٪ـی کێشی جەستەدا هەیە.
توێژەران دەڵێن نەخواردنی نانی ئێوارە دەبێتە هۆی ئەوەی لەماوەی رۆژدا کەسەکە هەست بە برسێتییەکی نائاسایی بکات و  پێویستی بە خواردنێکی زیاتر هەبێت، لەلایەکی دیکەوە نەخواردنی نانی ئێوارە واتە بێ‌بەش بوون لەو مەوادە خۆراکییەی کە سیستمی خۆراکی مرۆڤ بە بێ ئەوان کواڵیتییەکی کەمتری دەبێت.

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved