24/1/2021 03:37 PM

بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شاد نابێ گرنگی بەم شتانە بدەن

هەندێک جار زۆر بە قورسی لە ژیان دەڕوانین و لامان وایە دەبێ هەموو ئەرکەکانی جیهان بخەینە سەر شانمان؛ بەڵام لەکۆتاییدا لەجیاتی ئەوەی جیهانێکی باشتر دروست بکەین، تەنها دڵەڕاوکێ و نیگەرانیمان پاشەکەوت کردووە! ئەگەر حەزتان لە ئارامییە و دەتانهەوێ شاد بژین، هەوڵ بدەن ئەم هەستە لە خۆتان دوور بکەنەوە و بیر لە هەندێک شت مەکەنەوە. لەدرێژەدا باس لەوە دەکەین کە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شاد دەبێ هەندێک شت بەلاتانەوە گرنگ نەبێت.

ئەوەی وا کەسانی دیکە بیری لێدەکەنەوە: گرنگ نییە ئێوە بە شێت بزانن یان نا. ئەو کارەی کە دەبێ ئەنجامی بدەن، ئەنجامی دەن و ئەوەی کە "خەڵک دەڵێن چی؟" فڕێ بدەن و فێر بن گوێ بە قسەی ئەم و ئەو نەدەن. چونکە قسە و باسی خەڵک چ باش بی و چ خراپ کۆتایی نایە؛ خۆتان بن!

هەڵەکانی رابردوو: هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات. ژیان بەبێ هەڵە نییە، کەوابوو ژیان لە خۆتان تاڵ مەکەن. لەوە تێبگەن کە هەڵە و ترازان بەشێک لە سروشتی مرۆڤە. خۆتان لە دەرفەتەکانی داهاتوو بێ‌بەش مەکەن. فێری ئەوە بن کە خۆتان ببەخشن.

ئەو شتانەی کە نیتانە: مرۆڤ بەشێوەی سروشتی کەمبوون بە کەموکووڕی دێنێتە ئەژمار. ئەوە لەمپەرێکە بۆ تێپەڕین لە گرفتەکان. ئێمە بە چڕبوونەوە لەسەر ئەو شتانەی نیمانە، هەست بە کەمبوون دەکەین، ئێ ئەوە چ سوودێکی هەیە؟ هەمیشە بیر لەو شتانە بکەنەوە کە هەتانە و هەوڵ بدەن بە باشترین شێوە سوودیان لێوەرگرن.

ئەگەرەکان: بیر و خەیاڵی لەڕادەبەدەر ئێمەی شێت کردووە! کەس ئاگاداری داهاتوو نییە. خۆتان بە شتێکەوە کە دیار نییە کەی و چۆن روو دەدات ئازار مەدەن. ئەم هەستە وزە و هێزێک کە «ئێستا» هەتانە لەناو دەبات. ئەگەر بیرێکی تۆکمەتان سەبارەت بە داهاتوو هەیە ئەوە ئەنجامی دەن؛ ئەگینا خۆتان بە بابەتێکی دیکەوە سەرقاڵ کەن.

 

سەرچاوە: lifehack

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved