25/1/2021 02:22 PM

سێ هەفتە بە خواردنی قارچکی کێوی و ئاوی بەنداو ژیاوە!

پیاوێکی ئوستورالیایی پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە قوڕدا گیر دەخوات لەگەڵ سەگەکەی لەناو دارستاندا ون دەبن و ماوەی سێ هەفتە تەنها بە خواردنی قارچکی کێوی و ئاوی بەنداو دەژیت. "رۆبێرت وێبێر"ـی تەمەن 58 ساڵ دوایین جار لە 6ـی ژانویەیدا پاش جێهێشتنی هۆتێلێک لە شاری "کیلکۆیان" لە "کویینزلەند" لەگەڵ سەگەکەی بیندرابوو. وێبێر رۆژی یەکشەممە پاش گەڕانێکی زۆر لەلایەن پۆلیسەوە دۆزرایەوە. ئەگەرچی بەڕێز وێبێر بە هۆی خواردنەوەی ئاوی بەنداوەوە هەندێک کێشەی بۆ دروست بووە بەڵام تەندروستیی گشتیی باشە.
ئەم پیاوە ئوستورالیاییە کاتێک تووشی گرفت دەبێت کە ئۆتۆمبێلەکەی لە جادەی گوندێک لە قوڕ دەچەقێت. ئەو سێ رۆژ لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەمێنێتەوە تا ئەوەی پاشەکەوتی ئاوەکەی تەواو دەبێت. پاشان لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت و وەڕێ دەکەوێت بەڵام ون دەبێت و زیاتر لە دوو هەفتە لە تەنیشت بەنداوێک دەمێنێتەوە، هەر ئەو جێگایەی کە پۆلیس دەڵێ ئەم پیاوە بە خواردنی قارچک و ئاوی بەنداوەکە ژیاوە. هێزە رزگارکەرەکان پێشتر چەند جار سەردانی ئەم شوێنەیان کردووە بەڵام بە هەر هۆیەک بێ چاویان بە بەڕێز وێبێر نەکەوتووە. وێبێر نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە ئۆتۆمبێلەکەی دوور کەوتبووەوە و بە گوتەی خۆی بۆ دۆزینەوەی جێگایەک کە خۆی تێدا بشارێتەوە کەوتووەتە رێ بەڵام ون بووە و ئێستاش سەگەکەی نەدۆزراوەتەوە.
پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی و ئاسمانی بۆ دۆزینەوەی ئەم پیاوە دەست پێکردبوو و پاش هەفتەیەک گەڕان لەناو دارستان و لە کەشێکی باراناویدا، دواجار بڕیار دەدەن کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکە بهێنن بەڵام ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنەکە سەرلەونوێ دەستی پێکردووە و لە کۆتاییدا ئەم پیاوە ئوستورالیاییە پاش سێ هەفتە دۆزرایەوە و ئێستاش بۆ چارەسەری کێشەکانی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved