د.هه‌ڤین كه‌مال شاه پسپۆڕ له زانستی ئازار‌و به‌نج بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به حه‌وت شێوازی ژیان كردن كه كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر ته‌ندروستی ئێسكه‌كان. د.هه‌ڤین شێوازه‌كانی به چه‌ند خاڵێك روونكردووه‌ته‌وه‌و تێیدا چه‌ندین زانیاری گرنگی روونكردوه‌ته‌وه، ئه‌وانیش: 1-جووڵه‌ی ته‌واو ناكه‌یت: ئێسكه‌كانمان شانه‌ی زیندوون، تا زیاتر به‌كاریان بهێنین به‌هێزتر ده‌بن، ئه‌گه‌ر به‌كارنه‌هێنرێن ئه‌وه لاواز ده‌بن، بۆیه وه‌رزشكردن زۆر گرنگه، هه‌وڵبده ئه‌و وه‌رزشانه بكه كه ماسولكه‌كانت به‌هێز ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها ڕۆیشتن و مه‌له‌كردن زۆر گرنگن. 2-گۆشتی سوور زۆر ده‌خۆیت: خواردنی بڕێكی زۆر پرۆتین ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی گورچیله‌كان مادده‌ی كالسیۆم زیاتر ده‌ربكه‌ن كه ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی چڕی ئێسك و ئێسكه نه‌رمه، هه‌ندێك توێژینه‌وه ده‌ڵێن كه خواردنی زۆری پرۆتین ده‌بێته هۆی هه‌ڵمژینی بڕێكی زیاتر له كالسیۆم، كه پێویستده‌كات دوای زیاتر بكرێته‌ده‌رو كه‌مبكرێته‌وه. هه‌موو شتێك زیاده‌ڕه‌وی تێدا بكرێت ئه‌نجامه‌كه‌ی خراپه، بۆیه باشتره به شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ند گۆشت بخورێت. 3-خواردنی سوێر ده‌خۆیت له‌نێوان ژه‌مه‌كاندا: توێژینه‌وه‌یه‌ك له ژاپۆن كراوه باس له‌وه ده‌كات ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو 55 ساڵه‌وه‌یه‌و به‌ڕێژه‌ی زۆر خواردنی سوێر یاخود سۆدیۆم ده‌خۆن، ئه‌گه‌ری توشبوونیان به شكاوی ئێسكه‌كانیان چوار هێنده‌ی ئافره‌تێكی تره له‌هه‌مان ته‌مه‌ندا، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی سۆدیۆم فڕێده‌درێته ده‌ره‌وه له گورچیله‌كان، كالسێۆم كه‌مده‌بێته‌وه له‌ناو خوێندا، كه كاریگه‌رییه‌كی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر ته‌ندروستی ئێسك. 4-ناچیته به‌رده‌م تیشكی خۆر: به‌پێی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكی بۆ ئێسكه نه‌رمه، هه‌موو كه‌سێك خوار ته‌مه‌نی 50 ساڵ پێویستی به 400-800 وه‌حده ڤیتامین دی هه‌یه له ڕۆژێكدا، هه‌روه‌ها كه‌سێك له ته‌مه‌نی 50 ساڵ یان سه‌رووتر پێویستی به 800-1000 وه‌حده هه‌یه ڕۆژانه له ڤیتامین دی، ئه‌گه‌ر نا‌توانیت ڕێژه‌ی پێویست له ڤیتامین دی به‌ده‌ستبهێنێت له به‌رچوونه پێش خۆر، ئه‌وا پێویسته به‌شێوه‌ی سه‌پلیمینت وه‌ریبگریت یاخود به‌و خۆراكانه‌ی كه ڤیتامین دی زۆر تێدایه وه‌كو شیره‌مه‌نییه‌كان. 5-كێش دابه‌زاندنی زۆر: كێشی گونجاو شتێكی زۆر باشه، به‌ڵام هه‌ندێكجار دابه‌زاندنی كێش به شێوه‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر جه‌سته، بینراوه ئه‌و كه‌سانه‌ی BMI یان (پێوه‌رێكه بۆ كێش پێوان كه نورمه‌ڵه‌كه‌ی 18/5-25 ه، له 18/5 كه‌مترن مه‌ترسییه‌كی زیاتریان هه‌یه بۆ توشبوون به ئێسكه نه‌رمه، له توێژینه‌وه‌یه‌كدا كه له‌لایه‌ن قوتابخانه‌ی هارڤرده‌وه كراوه بۆ ته‌ندروستی گشتی بینراوه هه‌ر وه‌حده‌یه‌ك زیاده له ژماره‌ی BMI كه 5-8 پاوه‌ند كێش ده‌كات، ئه‌وا مه‌ترسی ئێسكه نه‌رمه به‌ڕێژه‌ی 12% كه‌مده‌كات. 6-خواردنه‌وه‌ی ئه‌لكهول: چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك له زانكۆی ویلایه‌تی ئۆریگۆن سه‌لماندوویه‌تی كه خواردنه‌وه‌ی زیاتر له دوو په‌رداخ ئه‌لكهول له ڕۆژێكدا كاریگه‌ری خراپی هه‌یه له‌سه‌ر ئێسك، زۆر خواردنه‌وه‌ی ئه‌لكهول مادده‌ی (كورتیسۆل) زیاد ده‌كات له له‌شدا كه ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی چڕی ئێسك، هه‌روه‌ها له ئافره‌تدا به‌تایبه‌تی خواردنه‌وه‌ی ئه‌لكهول ده‌بێته كه‌می هۆرمۆنی ئیسترۆجین كه كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌یه بۆ دروستبوونی ئێسكه نه‌رمه، هه‌روه‌ها ئه‌لكهول وه‌كو ژه‌هر كارده‌كاته سه‌ر خانه‌ی ئێسك. 7-ژیان له ژینگه‌یه‌كی پیسدا: له توێژینه‌وه‌یه‌كی تازه‌دا كه له‌لایه‌ن lancet planetaryhealth كراوه له‌نێوان ساڵه‌كانی (2003-2010)، 2.9 ملیۆن ستافی ته‌ندروستی به‌شداریان تیادا كردووه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داتا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، بینراوه كه هه‌رچه‌نده پیسبوونی ژینگه ڕووبدات به‌هۆی زیادبوونی (particular matter) كه یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی پیسبوونی ژینگه ئیتر ئایا به‌هۆی كارگه‌كانه‌وه بێت یاخود دووكه‌ڵی ئۆتۆمبێل یان سووتانی دارستانه‌كان، ئه‌وا ڕێژه‌ی شكاندنی ئێسك و ئێسكه‌نه‌رمه له پیره‌كاندا زیاد ده‌كات، بۆیه باشتره ئه‌و كه‌سانه‌ی له شوێنی دووكه‌ڵاوی ده‌ژین یان نزیك كارگه‌كانه‌وه خۆیان به دوور بگرن له وه‌رزش له ده‌ره‌وه‌و هه‌وڵبده‌ن له ڕووبه‌ری كراوه‌و سه‌وزاییدا وه‌رزش بكه‌ن، ده‌توانیت (air purifier) به‌كاربهێنیت كه ئامێرێكه بۆ پاككردنه‌وه‌ی هه‌وای ژووره‌وه له‌گه‌ڵ فلته‌ردا، جگه له‌وه ده‌بێت ساڵانه پشكنین بكه‌یت بۆ ئێسكه نه‌رمه. خاك - ئا/ لانه كاشان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure