26/1/2021 08:30 PM

چۆن چاو له ‌زیانی ئامێرى‌ ئه‌لیكترۆنیيه‌كان بپارێزین؟

كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌مریكی بۆ بینین، هۆشداری ده‌داته‌ هه‌موو لایه‌ك كه‌ دانیشتن له‌ به‌رده‌م شاشه‌ی ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنیيه‌كان زیانی ته‌ندروستی هه‌یه‌ بۆ جه‌سته‌ به‌گشتی و چاو به‌تایبه‌تی.

له ‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیشدا ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ تیشكی شینی شاشه‌ی ئامێره‌كان ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی سه‌رئێشه‌ی نیوه‌و ئازاری پشت و شانه‌كان، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای زیانگه‌یاندن به ‌گلێنه‌ی چاو و ئه‌گه‌ری كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ستی بینین.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ د.تمام حسان كه‌ پسپۆڕه‌ له‌بواری نه‌خۆشیيه‌كانی چاو رايگه‌یاندووه‌: بێگومان چاو ماندوو ده‌بێت كاتێك كه‌سێك رۆژانه‌ به‌هۆی كاروباره‌كانیه‌وه‌ له ‌به‌رده‌م شاشه‌ی كۆمپیوته‌ره‌وه‌ داده‌نیشێت.

راشیگه‌یاندووه‌: رۆژانه‌ %90ی مرۆڤه‌كان دوو كاتژمێر سه‌یری شاشه‌ی ئامێره‌كانیان ده‌كه‌ن و %60شیان رۆژانه‌ شه‌ش كاتژمێر به‌دیار ئامێره‌كانیانه‌وه‌ كات به‌سه‌رده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی چه‌ندین نه‌خۆشی بۆ چاو، وه‌ك سوربونه‌وه‌ی چاو و ماندووبونی، ناڕۆشنی له‌ بینیندا.

پسپۆڕان ده‌ڵێن: تیشكی شینی ئامێره‌كان هۆكارێكه‌ بۆ خه‌وزڕان و ماندووبونی مێشك، هه‌روه‌ك چۆن كه‌سێك كاتێك شوێنی ده‌گۆڕێت به‌ زه‌حمه‌ت خه‌وی لێده‌كه‌وێت.

بۆ خۆپاراستن له‌ زیانه‌كانی د.حسان ده‌ڵێت: پێویسته‌ له‌كاتی به‌كارهێنانی ئامێره‌كان پشوویه‌ك به ‌چاوه‌كانمان بده‌ین، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر 20 خوله‌ك سه‌یری شاشه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كه‌ت كرد، ئه‌وه‌ 20 چركه‌ش چاوی له‌سه‌ر هه‌ڵگره‌و تۆزێك بۆ دوور بڕوانه‌.

هه‌روه‌ها باشتره‌ كه‌ ئه‌و ئامێرانه‌ به‌كاربهێنین كه‌ شاشه‌كه‌یان گه‌وره‌تره‌، به‌تایبه‌ت بۆ منداڵه‌كان، هاوكات له‌ شوێنی تاریكیشدا سه‌یری شاشه‌ی ئامێره‌كان نه‌كه‌ین، به‌تایبه‌ت پێش خه‌وتن.

خاك



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved