26/1/2021 08:47 PM

ئینزلاقی دیسكی بڕبڕه‌كانی مل چییه‌؟

د.هه‌ڤین كه‌مال شاه پسپۆڕ له‌ زانستی ئازارو به‌نج بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئینزلاقی دیسكی بڕبڕه‌كانی مل و تێیدا چه‌ندین زانیاری و روونكردنه‌وه‌ی پێویستی ئاماژه‌ پێكردووه‌.

د.هه‌ڤین له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئینزلاقی دیسك یاخود ئه‌وه‌ی له‌نێو خه‌ڵكدا به‌ (فه‌قه‌راتی مل) ناوده‌برێت، یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ گرنگه‌كانی ئازاری شان و مل و له‌ ئێستادا زۆر باوه‌. بڕبڕه‌كانی ملی مرۆڤ ژماره‌یان حه‌وت بڕبڕه‌یه‌و له‌نێوان هه‌موو دوو بڕبڕه‌یه‌ك دیسكێكی ته‌نك هه‌یه‌، مادده‌یه‌كی جیلاتینی شل له‌ناویدایه‌ بۆ ڕاگرتنی مل به‌ ڕێكی و ئاسانكردنی جوڵه‌ی مل و سه‌ر، هه‌ركات ئه‌م جیلاتینه‌ وشكده‌بێته‌وه‌ ئینزلاقی دیسكه‌كه‌ ڕووده‌دات.

ئه‌و پزیشكه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ نیشانه‌كانی ئینزلاقی دیسكی نێوان بڕبڕه‌كانی مل بریتین له‌:

1-ئازاری مل و شان و هه‌ندێكجار سه‌رئێشه‌ له‌گه‌ڵ ئازاری زۆر له‌ ده‌ست و په‌نجه‌و باڵ و شان؛ زۆرجار لایه‌كی له‌ش دێشێت یان ئازاری زۆرتره‌.
2-سڕبوون یان ته‌زووهاتن یان هه‌ستكردن به‌ مێرووله‌كردن له‌ مله‌وه‌ تا په‌نجه‌كانی ده‌ست؛ زۆرجار لایه‌كی له‌شه‌ یان زۆرتره‌ له‌ لایه‌كه‌ی تر.
3-بێهیزی یان پوكانه‌وه‌ی ماسولكه‌كانی ده‌ست و باڵ.
4-ئازاره‌كه‌ت به‌ پێكه‌نین، پژمین، كۆكه‌ زیاتر ده‌بێت.
5-ئازاری مل و نیشانه‌كانی ترت زیاتر ده‌بێت دوای پشوو و ئیسراحه‌ت و دانیشتنی زۆر.

هه‌ر له‌و بابه‌ته‌دا د.هه‌ڤین هۆكاره‌كانی ئینزلاقی فه‌قه‌راتی ملی دیاریكردووه‌ كه‌ بریتین له‌:

*هۆكاری سه‌ره‌كی بریتییه‌ له‌ ته‌قین یان پچڕان و برینداربوونی دیسكی نێوان بڕبڕه‌كان و له‌ ئه‌نجامدا دیسكه‌كه‌ ده‌خزێت و فشار ده‌خاته‌سه‌ر دڕكه‌په‌تك و ده‌ماره‌كانی شان و قۆڵ و ده‌ست. به‌ڵام كۆمه‌ڵێك حاڵه‌ت هه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ هۆی زیادبوونی ئه‌گه‌ری توشبوون له‌وانه‌ش:

1-ته‌مه‌ن: له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ته‌مه‌ن دیسكی نێوان بڕبڕه‌كان وشكده‌بێته‌وه‌و بێهێزتر ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ئینزلاق زیاد ده‌كات.
2-سوڕانه‌وه‌ی مل یان ئاوڕدانه‌وه‌ی كتوپڕ به‌تایبه‌ت له‌كاتی هه‌ڵگرتنی شتی قورس به‌شێوه‌ی هه‌ڵه‌.
3-به‌ركه‌وتنی زه‌بر به‌ بڕبڕه‌كانی مل وه‌ك له‌كاتی كه‌وتن، وه‌رزش، ڕووداوی هاتووچۆ.
4-شێوازی ژیانی هه‌ڵه‌و جووڵه‌ی ڕۆژانه‌ی هه‌ڵه‌: بۆ نموونه‌ دانیشتن به‌ شێوازی هه‌ڵه‌ بۆ ماوه‌ی زۆر، مل نوشتانه‌وه‌ له‌كاتی به‌كارهێنانی مۆبایل و لاپتۆپ، جگه‌ره‌كێشان، خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان و ئه‌و خواردنه‌وانه‌ی ڕێژه‌ی زۆر كافایینیان تیادایه‌ وه‌كو چاو قاوه‌...هتد.
5-هۆكاری بۆماوه‌یی: له‌ هه‌ندێك خێزاندا زیاتره‌.
6-قه‌ڵه‌وی و زۆری كێش.
7-كه‌می جوڵه‌و ئه‌نجامنه‌دانی وه‌رزش.

شێوازی ده‌ستنیشانكردنی:
*تیشك؛ تیشكی ( X-Ray ) ، ( MRI) ، ( C-T Scan ) 
*هێڵكاری ماسوولكه‌كانی ده‌ست و باڵ (EMG ) 
*فه‌حسی خوێن به‌گوێره‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ پزیشك بڕیارده‌دات.

شێوازی گشتی چاره‌سه‌ركردنی ئینزلاقی مل:
*زۆرێنه‌ی حاڵه‌ته‌كان نه‌شته‌رگه‌ری ناوێت و ده‌توانرێت چاره‌بكرێت له‌ڕێگه‌ی:
1-چاره‌سه‌ركردنی له‌ڕێگای ده‌رمانه‌وه‌: به‌ ده‌رمانی ئازارشكێن وه‌كو: ئازارشكێنه‌ دژه‌هه‌وكردنه‌ ناستیرۆیده‌كان  ( NSAID )، پاراسیتۆڵ...هتد.
-دژه‌ په‌ركه‌م وه‌كو گاباپینتین، پریگابالین.
-به‌كارهێنانی دژه‌ خه‌مۆكییه‌كان و هێوركه‌ره‌وه‌كان.
2-چاره‌سه‌ری سروشتی و چاره‌سه‌ری فیزیایی و وه‌رزشكردن.
-مه‌ساجكردنی قوڵ بۆ ماسوولكه‌كان.
-به‌كارهێنانی (هایدرۆتیراپی) واته‌ ئاو بۆ نه‌رمكردنه‌وه‌ی ماسوولكه‌كان بۆ نموونه‌ ساونا یاخود وه‌رزشكردن له‌ناو ئاودا.
-وه‌رزشكردن: وه‌رزشی تایبه‌ت بۆ به‌هێزكردنی ماسولكه‌كانی شان و مل.
-ده‌رزی ئاژه‌نین.
-به‌كارهێنانی ته‌زووی كاره‌با له‌ڕێی ئامێری (TENS).
-به‌كارهێنانی ئامێری شۆك وه‌یڤ بۆ خاوكردنه‌وه‌ی خاڵه‌كانی ئازار له‌ ملدا.
-نه‌شته‌رگه‌ری كه‌ چه‌ند جۆرێكی هه‌یه‌و پزیشكی پسپۆڕ بڕیار له‌ كات و جۆرو شێوازی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌ ده‌دات.

*شێوازی تازه‌ی چاره‌سه‌ركردن، كه‌ پزیشكی پسپۆڕی ئازارشكاندن ئه‌نجامی ده‌دات بۆ نه‌هێشتنی ئازاری مل:
-ئه‌گه‌ر نه‌خۆش به‌شێوازی كۆن و په‌یڕه‌وكراو چاره‌سه‌ری بۆ نه‌كراو پێش بڕیاردان له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ری فه‌قه‌راتی مل ئه‌وا ئه‌م ڕێگه‌ تازانه‌ ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێت:
1-لێدانی ده‌رزی ستیرۆید یاخود پلازما له‌ خاڵی ئازاره‌كان(trigger points)  له‌ ملدا. ئه‌مه‌ ته‌نها ئازاره‌كه‌ ناهێڵێت و نه‌خۆش ده‌توانێت ئاسانتر وه‌رزش بكات.
-لێدانی جۆرێك له‌ ده‌رزی دژه‌هه‌وكردن و هایلیرۆنیده‌یس و ئۆزۆن بۆ دیسكه‌كه‌ له‌ژێر ئامێری فلۆرۆسكۆپی: ئه‌م ڕێگه‌یه‌ زۆر سه‌ركه‌وتووه‌و به‌نجی ناوێت و به‌ به‌نجی مه‌وزعی ده‌كرێت و دوای یه‌ك سه‌عات نه‌خۆش ده‌ڕواته‌ ماڵه‌وه‌و ڕۆژی دواتر ده‌توانێت ئیش و كاری ڕۆژانه‌ی خۆی ئه‌نجامبدات.
2-چاره‌سه‌ر به‌ ئامێری له‌ره‌له‌ری گه‌رمی ( radiofrequency) له‌كاتی داخورانی جومگه‌كانی بڕبڕه‌كان و هه‌ڵئاوسانیان، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ جومگه‌ داخوراوه‌كه‌و بۆ ناو دیسكه‌كه‌ش ئه‌نجامده‌درێت، كه‌ زۆر سه‌ركه‌وتووه‌و ده‌رئه‌نجامی خراپه‌ی نیه‌.
3-لابردنی به‌شێك له‌ كڕكڕاگه‌ زیانپێكه‌تووه‌كه‌ بێ نه‌شته‌رگه‌ری له‌ژێر ئامێری ئیندۆسكۆپیدا: ئه‌م ڕێگه‌یه‌ زۆر سه‌ركه‌وتووه‌و به‌نجی ناوێت و به‌نجی مه‌وزعی ئه‌نجامده‌درێت و دوای یه‌ك سه‌عات نه‌خۆش ده‌ڕواته‌ ماڵه‌وه‌و ڕۆژی دواتر ده‌توانێت ئیش و كاری ڕۆژانه‌ی خۆی ئه‌نجامبدات.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved