28/1/2021 05:49 PM

مێشکی ژنان لەدوای مناڵبوون چ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا دێت؟

مێشک لەناو هۆرمۆنە شادی‌هێنەرەکاندا نوقم دەبێت: ژنان لەدوای مناڵبوون کاتەکانی خۆیان لەگەڵ مناڵەکەیان دەبەنە سەر و توێژەران شێوەی دژکردنەوەی مێشکی ئەوانیان بەنیسبەت ئەم پەیوەندییەوە خستووە بەر شیکاری و لێکدانەوە، بەتایبەت بە دژکردنەوەیان بەنیسبەت گریان و پێکەنینی مناڵەکەیان. لە کاتی دووگیانیدا مێشکی دایک هۆرمۆنی "ئۆکسی تۆسین" بەرهەم دێنێت کە ناسراوە بە هۆرمۆنی عەشق و هەروەها هۆرمۆنی دۆپامین کە ناسراوە بە هۆرمۆنی خەڵات. توێژەران دەڵێن ئەم مەسەلەیە دەبێتە هۆی ئەوەی دایکان لە پێویستی مناڵەکەیان تێبگەن و وڵامێکی باشتریان بدەنەوە. لە کاتی شیردان بە مناڵیشدا هۆرمۆنی ئۆکسی تۆسین بەرهەم دێت کە پەیوەندی دایک و کۆرپە بەهێزتر دەکات.

مادەی خۆڵەمێشیی مێشک کەم دەبێتەوە بەڵام بابەتێکی مەترسیدار نییە: مادەی خۆڵەمێشیی مێشک بەپرسی بینین، بیستن، پرۆسیسی بیرەوەری و هەستەکان، بڕیاردان و توانایی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەریان لەئەستۆیە. توێژەران دەڵێن لە پاش مناڵبوون ئەم مادە خۆڵەمێشییە لە هەندێک شوێنی مێشکدا کەم دەبێتەوە و ئەم پرۆسەیە تا دوو ساڵ بەردەوامە. ئەم مەسەلە لەوانەیە سەرەتا وەکوو گۆڕانکارییەکی نەرێنی سەیر بکرێت، بەڵام کەم بوونەوەی ئەم مادەیە دەبێتە هۆی ئەوەی دایک هەست بە نزیکییەکی زیاتر لەگەڵ مناڵەکەی بکات و لە زمانی جەستەی کۆرپەکەی باشتر تێبگات.

بیرگەی مێشک وەکوو جاران بەهێزە: بەشێک لە ژنان دەڵێن پاش ئەوەی مناڵیان بووە بیرگەیان لاواز بووە و هۆشیان کەمترە و شتیان لەیاد دەچێت. بەڵام بەپێی توێژینەکان تواناییەکانی مێشکی ژن لەم قۆناغەدا کەم نابێتەوە. هۆکاری ئەوەی کە هەندێک جار دایکێک کە مناڵی ساوای هەیە، رووداوەکان بە باشی لە مێشکیدا جێگر نابن ئەوەیە کە بەرپرسایەتییەکانی بەنیسبەت مناڵەکەوە یەکجار زۆرن و سەیر نییە ئەگەر بابەتەکانی دیکە لەیاد بکات.

 

سەرچاوە: brightside

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved