30/1/2021 08:45 PM

له هه‌ولێر كتێبی خالید دلێر باوه‌ڕێكی نه‌گۆڕ دابه‌شكرا

له ‌درێژه‌ی كارو چالاكيیه‌كانی ساڵۆنی لاپه‌ڕه‌ 9 له‌ ناوه‌ندی هه‌ولێری مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆڕێك بۆ د.عه‌بدولواحید ئیدریس شه‌ریف به‌رێوه‌چوو كه‌ تایبه‌تبوو به ‌ناساندن و دابه‌شكردنی كتێبی (خالید دلێر باوه‌ڕێكی نه‌گۆڕ).

له‌و كۆڕه‌دا كه‌ له لایه‌ن‌ نووسه‌رو رۆژنامه‌ونوس نازم دڵبه‌ند به‌رێوه‌چوو و ژماره‌یه‌ك له‌ نووسه‌ران و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسان ئاماده‌یبوون، نووسه‌ر كورته‌ باسێكی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌و ژیان و به‌سه‌رهاتی شاعیرو هونه‌رمه‌ند خالید دلێر كردو تیشكی خسته‌سه‌ر قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی ژیانی خوالێخۆشبوو.

هه‌ر له‌میانه‌ی رووكردنه‌وه‌كانیدا، نووسه‌ر رۆڵی خالید دلێری به‌رز نرخاند له‌ هه‌ڵویسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانيیه‌كانی، كه‌ له‌ ناوه‌راستتی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ بواره‌كانی سیاسی و ئه‌ده‌بی و هونری رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌، دواتر له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی له‌باره‌ی كۆڕه‌كه‌‌ خرایه‌ڕوو.

خالید دلێر له ‌ساڵی 1933 له‌ شاری كۆیه‌ له‌دایكبووه‌، له‌بواری شعیرو ئاوازو گۆرانی چه‌ندین به‌رهه‌می هه‌یه و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند شیعرو ئاوازه‌كانی كراوه‌ته‌ سروودو گۆرانی، هاوكات به‌هۆی به‌شداری له‌ كاری سیاسی و هه‌ڵویسته‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی چه‌ندینجار له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی ئه‌وكاته‌ی عیراق زیندانی كراوه.

وه‌ك نووسه‌ر له ‌كتێبه‌كه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، خالید دلێر هه‌میشه‌ خاوه‌ن بیروباوڕيك بوو كه‌ هه‌رگیز سازشی له‌سه‌ری نه‌كردووه‌، به‌ڵكو سووربووه‌ له‌ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی، كه‌ خۆی له‌ سۆسیالیستی  زانستی و  یه‌كسانی كۆمه‌ڵاتی و رزگاری نه‌ته‌وایه‌تی ده‌بینێته‌وه‌، تا رۆژی 16/12/2011  له‌ ته‌مه‌نی 78 ساڵی له ‌شاری سلێمانی كۆچی دوایی ده‌كات، دواتر له‌ شاری كۆیه‌ له‌ زێدی خۆی  به‌خاكده‌سپێردرێت.


خاك - پوكمیدیا




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved