31/1/2021 02:59 PM

ئەفلاتوون؛ دەنگێکی هەمیشەیی لە فەلسەفەدا

مەحموود محەمەدیان
ئەفلاتوون یەکەم فەیلەسووفە کە خاوەنی سیستمێکی فکریی تۆکمە و هەمەلایەنەیە. ئەفلاتوون لەڕاستیدا بە جومگەبەندیی فەلسەفەی پێش خۆی جۆرێکی تازەی لە بیرکردنە داڕشت کە بە گوێرەی هەندێک کەس لە پاش ئەفلاتوونەوە هەرچی گوتراوە تەنیا شرۆڤەیەکە لەسەر ئەفلاتوون. ئەم جومگەبەندییەی ئەفلاتوون کردوویەتی لە چەند تیۆری و داڕشتی تایبەتدا گەڵاڵە کراوە، بۆ نموونە: تیۆری مۆسۆل، تیۆری مەعریفە، ئەخلاق و سیاسەت. لەم ناوەدا لەوانەیە گرینگرین داهێنانی ئەفلاتوونی داڕشتنی تیۆری مۆسۆل بێت.
هەر وەک دەزانین فەلسەفەی پێش سوکرات لە دابەشکارییەکدا دابەش دەبێ بەسەر دوو جەمسەردا. جەمسەری یەکەم باس لە "یەکانەکی" و سەقامگیری دەکات و جەمسەری دووهەم باسی "زۆرێتی/ زەوەندی" و گۆڕان دەکات. جەمسەری یەکەم پارمێنیدێس نوێنەرایەتی دەکا و دووهەمیان نوێنەرەکەی هێراکلیتووسە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هەر کام لەم دوو جەمسەرە دەرەنجامەکانی خۆیان تەواو پێ شتێکی عەقڵانییە و لایەنی بەرامبەر بە "وەهماوی‌بوون" تۆماتبار دەکەن. ئەفلاتوونیش لە چەقی ئەم دوو جەسەرەدا وەستاوە و دەیهەوێ پاڵ بە هیچیانەوە نەدا و رچەی رێگەی سێهەم بشکێنێت. هەرچەند لە کۆتاییدا زیاتر پشتی پارمێنیدێس و جەمسەری "یەکانەکی‌خواز" دەگرێت.
هەر وەک دەزانین پارمێنیدێس دەیکوت جیهان ناجووڵێت و جووڵە وەهەمێکی کە مەعریفەی هەستەکی پێمان دەبەخشێت. لە بەرامبەردا هێراکلیتووس دەڵی جیهان بەردەوام لە جووڵە و هەرەکە دایە و ئەندێشەی سەقامگیریی جیهان وەهمە. ئەفلاتوون دێنێ هەر دووی ئەم جەمسەرانە لە یەک گرێ دەدا و دواجار «تیۆری مۆسۆل/ ئیدەکان»ـی لێ دەردەکێشێت. ئەفلاتوون لە تیۆری مۆسۆلدا دەڵێ "ئیدە/ میسال"ـەکان ناشێ بگۆڕین و ئەگەر بگۆڕین ناناسرێن. لێرەدا لە ژێر کاریگەریی پارمێنیدێسدا ئەم قسەیە دەکات. دواتر دەڵێ ئەوەی وا مەعریفەی هەستەکی پێمان دەڵێ دەرکەوتەکانی ئەو "ئیدە/ میسال"ـانەن کە لە جیهانی مۆسۆلدا هەمیشە بوون و هەمیشەش دەمێنن و ئێمە لەگەڵ دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانی ئەم ئیدانە لە جیهانی بەرهەستدا رووبەڕووین. کەوابوو لێرەدا ئەفلاتوون هەم دەینی خۆی بە پارمێنیدێس ئەدا دەکات و هەمیش جیهانی هەستەکان پاساو دەداتەوە. ئەفلاتوون بەم شێوەیە جیهان بە دوو بەشی بەرز و نزمدا دابەش دەکات، کە بەشی بەرز لە ئیدەکان پێک دێت و بەشی نزمیش بەهۆی مەعریفەی هەستەکییەوە فام دەکرێت. ئەو "ئیدە"ـیەی ئەفلاتوون باسی دەکا چەند تایبەتمەندی هەیە: ١-گشتگیر، ٢-عەقڵانی، ٣-نەگۆڕ، ٥- جەوهەر، ٦- خودی شت، ٧-خودی شتەکە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved