3/2/2021 11:37 PM

هەفتەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

لە چوارچێوەی كارو چالاكیيەكانی پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی، ئەمساڵ هەفتەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

لە نووسینگەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان  لە شاری سلێمانی، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەنێوان بەرپرسی نوسینگەی وەزیرو  بەڕێوەبەرەرەكانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەیوب رۆستەم بەرپرسی نووسینگەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان تیشكی خستەسەر پلان و چالاكيیەكانی هەفتەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی سلێمانی، كە بڕیاروایە لە رۆژانی 25_3 تا 30_3_2021 بەردەوام بێت.

سەبارەت بە دابینكردنی بودجە بۆ ئەم چالاكیە، ئەیوب رۆستەم بەرپرسی نوسینگەی وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە سلێمانی وتی: لەو بودجەیەی بۆ پەرەپێدانی پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی تەرخانكرابوو، بەشێكی دەستی پێوەگیرابوو، ئەم چالاكیەش لەسەر ئەو پارەیە ئەنجام دەدرێت.

دەستپێكی چالاكیيەكان هەفتەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی سلێمانی لە هۆڵی تەلاری شاری سلێمانی ئەنجامدەدرێت و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ پاركی هەواری شارو چەند شوێنكی تری سلێمانی و چالاكیيەكانیش بریتین لە پێشكەشكردنی شانۆ، نمایشكردن و فرۆشتنی كتێب، هونەرو مۆسیقا، نمایشكردنی بەروبومی حۆماڵی، كردنەوەی پێشانگای هونەری، چالاكی منداڵان و چەندین چالاكی تر.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بەڕێوەبەرو بەرپرسی بەشەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی چەندین پێشنیارو بەرنامەو پلانیان خستەڕوو بە مەبەستی دەوڵەمەندكردن و ئەنجامدانی چالاكی هەفتەی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی.

خاك - راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved