7/2/2021 10:34 PM

له‌ یه‌كه‌مین زانكۆی ئه‌ڵمانیا ماسته‌رنامه‌یه‌ك له‌سه‌ر زمانی كوردی ده‌نوسرێت

له‌ یه‌كێك له‌ باشترین زانكۆكانی جیهان و به‌ سه‌رپه‌رشتیاری یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین زمانه‌وانه‌كانی جیهان، خوێندكارێكی كورد ماسته‌رنامه‌یه‌كی به‌راوردكاریی له‌ نێوان زمانی كوردی و ئینگلیزی ده‌نوسێت.
محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین وادی كه‌ دانیشتوی شاری سلێمانییه‌ و ده‌رچووی زانكۆی هه‌مان شاره‌، له‌ زانكۆی (لودڤیك ماكسمیلیان) كه‌ ناسراوه‌ به‌ زانكۆی میونیخ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا و یەکەم زانکۆی ئەو وڵاتەیە، بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ بواری زمانه‌وانی و وتنه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی له‌ ئه‌یلولی 2020 به‌ده‌ستهێنا.
ناوبراو توێژینه‌وه‌ به‌راوردكارییه‌كه‌ی بریتی بوو له‌ (خوازه‌ی خواردن له‌ نێوان زمانی كوردی و ئینگلیزی) له‌ ڕوانگه‌ی خوازه‌ چه‌مكییه‌كانه‌وه‌ لە زانستی زمانەوانی هۆشەکیدا.
توێژه‌ر له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یدا هه‌ڵیداوا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و خوازانه‌ بكات كه‌ له‌ هه‌ردوو زماندا ڕۆژانه‌ به‌كارده‌هێنرێن (وه‌ك: ئه‌و بۆچوونانه‌ی زۆر تێرو و ته‌سه‌لن، یان قسه‌كانیم پێ قووت نادرێت)، به‌ئامانجی پشتگیریكردنی جیهانیبوونی تیۆری خوازه‌ی چه‌مكی كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك له‌ زمانی كوردیدا نوێیه‌ و كاری ئه‌وتۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ هه‌ردوو زمانه‌كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌م زمان و هەم كه‌لتور و مێژوویان دووره‌ له‌یه‌ك و جیاوازن، به‌ڵام تا ڕایه‌ك هاوشێوه‌ن له‌ چۆنییه‌تی به‌كارهێنانی خوازه‌ چه‌مكییه‌كانی خواردن (وه‌ك/ ئه‌و زۆر كه‌سێكی شیرینه‌) و (she is so sweet) به‌ڵام زۆركات به‌هۆی جیاوازی خواردن له‌ نێوان ئه‌و دوو كه‌لتورەدا،‌ خواردنی جیاواز بۆ به‌چه‌مكردنی چه‌مكه‌ جیاوازه‌كان به‌كارده‌هێنرێن.
له‌ به‌راوری 29/0/2020 دا، به‌سه‌ركه‌وتووی و به‌ پله‌ی نایان ماسته‌رناكه‌ی محه‌مه‌د قه‌بووڵ كراو و بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ بواری زمانه‌وانی و وتنه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزیدا پێبه‌خشرا.
سه‌رپه‌رشتیاری ماسته‌رنامه‌كه‌، جۆرج هاسن شمید، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگرتین نوسه‌ر و پڕۆفیسۆره‌كانی بواری زانستی زمانه‌وانی هۆشه‌كی، وێڕانی خۆشحاڵی خۆی له‌باره‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی ماسته‌رنامه‌كه‌ له‌ نێوان كوردی و ئینگلیزی، سه‌رسامی خۆی نیشاندا كه‌ چۆن کوردی له‌ ڕوانگه‌ی خوازه‌ چه‌مكییه‌وه‌ له‌ ئینگلیزی ده‌چێت هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ئه‌و دوو كه‌لتور و زمانه‌ له‌یه‌ك دوورن. ناوبراو ئەنجامی توێژیەنەوەکەی بەرز نرخاند و بە توێژینەوەیەکی گرنگی وەسفکرد.
محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین، یاریده‌ده‌ری توێژه‌ره‌ له‌ زانكۆی سلێمانی و له‌ ساڵی 2013 دا توانیویه‌تی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له‌ بواری زمان و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی له‌ زانكۆی سلێمانی به‌ده‌ستبهێنێت.




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved