9/2/2021 03:56 PM

چەند دەنگۆی ناڕاست سەبارەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا

لە تاریکترین رۆژەکانی گشتگیربوونی نەخۆشیی کۆڤید-19، هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە بەرهەمهاتن و تاقیکاری لەسەر چەند جۆری ڤاکسین، هیوایەک کە جیهان پێویستی پێی بوو. لە رووداوێکی ناوازەدا، کەمتر لە ساڵێک پاش سەرهەڵدانی کۆرۆنا، ڤاکسینە ئەمریکییەکان، بەریتانییەکان، روسی و چینییەکان مۆڵەتیان وەرگرت و ئێستا بە ملیۆنان کەس لە جیهاندا وەریانگرتووە. هاوکات لەگەڵ ئەم دەسکەوتە هیوابەخشانە هەندێک دەنگۆش سەبارەت بەم ڤاکسینانە هاتوونەتە ئاراوە کە رادەی ئەم هیوایە کەم دەکەنەوە. لەدرێژەدا چەند دانەیان دەخەینە بەر باس.

ڤاکیسنی کۆرۆنا دەبێتە هۆی نەزۆکی
یەکێک لە باوترین دەنگۆکان سەبارەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا، کاریگەری نیگەتیڤی ئەم ڤاکسینەیە لەسەر پرۆسەی مناڵبوون. دوکتۆر "ئەمدرۆ پرستۆن"، بەرپرسی بەشی بایۆلۆجی و بایۆکیمیای زانکۆی "باس" لەم بارەوە دەڵی: "ڤاکیسینی کۆرۆنا بە هیچ شێوەیەک ئاڵۆزی ناخاتە پرۆسەی مناڵبوونەوە. لەدرێژەدا دەڵێ: وەک ئەوەیە بڵێین بیستوومانە دەرزی لێدان لە سەر دەبێتە هۆی تەقینەوەی سەر. ئەم دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکی زانستیان نییە."

ڤاکسینی کۆرۆنا چونکە بەپەلە دروست کراوە کەوابوو مەترسیدارە
راستە کە بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی دڵنیاکەرەوە لە رابردوودا نزیکەی 10 ساڵی دەخایاند بەڵام ئێستا زانایان و توێژەران لە ماوەی کەمتر لە 10 مانگدا توانیویانە وەها ڤاکسینێک دروست بکەن. زۆر کەس ئەم بابەتەیان کردووەتە بیانوو بۆ ئەوەی ئەم دەنگۆیە بێتە ئاراوە کە ڤاکسینی کۆرۆنا مەترسیدارە. دەبێ ئەوە بزانین کە لە سەدەی رابردووشدا هیچ نەخۆشییەکی گشتگیر ئاوەها زانایانی لە دەوری یەک کۆ نەکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەزموون و پسپۆڕایەتی خۆیان لەسەر یەک کەڵەکە بکەن. دواتر لە ئێستادا تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی دەرمان و چارەسەرە پزیشکییەکان پێشکەوتنێکی زۆری بە خۆوە بینیوە.

ڤاکسینی کۆرۆنا کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستە هەیە
دواهاتی خراپ و زیانبەخش بە هۆی ڤاکسینی کۆرۆناوە رووداوێکی زۆر دەگمەنە. دوکتۆر «فێرگۆسێن» سەبارەت بە مەسەلەیە دەڵی: "کاریگەرییە سووک و سروشتییەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاسایین، بۆ نموونە سووربوونەوە و ورووژانی ئەو شوێنەی ڤاکسینەکەی لێ دەردرێت؛ یان سەئێشە و ماندوویەتی و شتی لەم چەشنە. ئەمانە هەموویان نیشانەی چالاکبوونی سسیتمی بەرگرییە بە هۆی وەرگرتنی ڤاکسینیەوە و هیچ جێی نیگەرانی نییە."

ڤاکسینی کۆرۆنا لە بەرهەمە گۆشتییەکان دروست کراوە
کۆمەڵێک ئەفسانەی درۆیین سەبارەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا بڵاو بوووتەوە کە مایەی نیگەرانی خەڵکە. ئەم دەنگۆیەش کە گۆیا ڤاکسینی کۆرۆنا لە بەرهەمە گۆشتییەکان دروست دەکرێت یەکێک لە دەنگۆ درۆیینەکانە کە بە توندی لەلایەن پزیشکان و توێژەرانی سەرانسەری جیهانەوە رەد کراوەتەوە.

 

سەرچاوە: thesun

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved