13/2/2021 03:46 PM

سوودەکانی بامیە

بامیە گیایەکی پڕ سوودە بەڵام زۆری سەرنج پێ نەدراوە! ئەم خۆراکە کە رواڵەتێکی زۆر دڵڕفێنی نییە و زۆر کەسیش حەز بە خواردنەکەی ناکەن، سوودی تەندروستی یەکجار زۆرە و لەدرێژەدا دەمانهەوێ لەگەڵ بەشێک لەم سوودە سەرسوڕهێنەرانە ئاشنا بین.

پڕاوپڕە لە کالسیۆم: بامیە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ کالسیۆم. کالسیۆم جگە لە تەندروستیی ئێسک، یارمەتی رێکخستنی لێدانی دڵ، رێکخستنی فشاری خوێن و کۆلستڕۆڵیش دەکات. ئەم خۆراکە بۆ ئەوە کەسانەی رووەکخۆرن یان جەستەیان ناتوانێ شەکری لاکتۆز(شەکری ناو شیرەمەنی) بەکار بێنن، دەتوانێ کەمبوونی کالسیۆمێک کە بە هۆی نەخواردنی شیرەمەنییەوە بەدی دێت، قەرەبوو بکاتەوە.

تەندروستیی دڵ: بەپێی راگەیاندنی گۆڤاری تەکنەلۆژیا و وەبەرهێنانی خۆراک، ئەو ریشاڵەی لە بامیەدایە بە کەمکردنەری کۆلستڕۆڵی خوێن، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان. بامیە هەروەها پڕاوپڕە لە مادەی "پەکتین" کە دەتوانێ بە رێکخستنی زراو لە ریخۆڵەدا کۆلستڕۆڵی خوێن کەم بکاتەوە.

هێزی بینین زیاد دەکات: بامیە دەوڵەمەندە بە بیتاکارۆتێن و ڤیتامین A. ئەم دوو مادەیەش هەردووکیان هێزی بینین و تەندروستیی پێست زیاد دەکەن. هەروەها ئەم دوو مادەیە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی چاو کەم دەکەنەوە.

سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ پرۆتین: بامیە ئاسید ئامینی لیزین و تریپتۆفانی هەیە و کەوابوو پێکهاتەیەکی پرۆتینی ناوازەیە. پێکهاتەی پرۆتینی بامیە لەگەڵ سۆیا بەراورد دەکرێت؛ بەڵام ئاستی کارکردی پرۆتینی بامیە (PER) لە پرۆتینی سپۆیا بەرزترە.

یارمەتی کۆئەندامی هەرەس دەکات: بامیە پڕاوپڕە لە ریشاڵ کە بە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە هەندێک لە جۆرەکانی شێرپەنجە (بەتایبەت شێرپەنجەی ریخۆڵە گەورە) دەبێتە هۆی تەندروستیی کۆئەندامی هەرس. مادەی "موسیلاژ" کە لە پێکهاتەی بامیەدا هەیە بەرگیری لە قەبزی دەکات.

 

سەرچاوە: draxe

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved