17/2/2021 04:51 PM

ئەم خۆراک و میوانە نابێ بە کاڵی و نەگەییوی بخورێن

زۆرینەی ئەو کەسانەی کاڵخۆرن (کالخۆری جۆرێک رجێمی خۆراکە کە لەودا هەموو خۆراکەکان بە کاڵی دەخورێت) یان بە گشتی حەزیان لە خۆراکی نەکوڵاو و کاڵە، نازانن کام خۆراک نابێ بە کاڵی و نەگەییوی بخۆن. بەدڵنیاییەوە ژمارەیەکی زۆر لە خۆراکەکان ئەگەر بە شێوەی کاڵ و نەگەییو بخورێن زیان بە جەستە دەگەیەنن. لەدرێژەدا بەشێک لەم خۆراک و میوانە دەخەینە روو.
شیر: شیر هەرچی فرێشتر بێ باشترە، بەڵام فرێش بوونی شیر بەو مانایە نییە کە هەر لە مەڕ یان مانگاکە دۆشیت بیخۆیتەوە. شیری نەکەڵاو پڕاوپڕە لە بەکتریا مەترسیدارەکان بۆ مرۆڤ. کەوابوو شیری کاڵ دەبێ پێش ئەوە بخورێتەوە پاستۆریزە بکرێت واتە بکوڵێندریت.

هێلکە: خواردنی هێلکەی کاڵ لە ژاپۆن و کۆریا زۆر باوە و لە زۆر شوێنی دیکەی جیهانیش لاینگری هەیە. کاتێک هێلکە بە کوڵاوی دەخۆن 90٪ـی پرۆتینەکەی وەردەگرن بەڵام بە کاڵی تەنها 50٪ـی ڤیتامینەکانی دێتە ناو جەستەوە. هەروەها ئەگەری گواستنەوەی بەکتریای سالمۆنێلا بە هۆی خواردنی هێلکەی کاڵەوە زۆرە.

بادەم: بادەم خۆراکێکی زۆر بەسوودە و پڕاوپڕە لە ریشاڵ و چەوریی تەندروست. بەڵام ئەم ناوکانە سیانیدی سروشتیان تێدایە کە بە رێژەیەکی بەرچاو لە بادەمی کاڵ و نەگەییودا بوونی هەیە. سیانید ژەهرێکە کە خواردنەکەی مرۆڤ دەکوژێت.

ئارد: خواردنی کەوچکێک ئارد مەترسییەکی زۆر دەخاتە سەر تەندروستیی جەستە. ئاردی کاڵ لەوانەیە بەکتریای «ئی. کۆلی» تێدا بێت و تەنها بە گەرمکردن و تێکەڵ کردن لەگەڵ ئەو خواردنانەی لەسەر ئاگر دروست دەکرێن ئەم مەترسیانە لەناو دەچن.

تەماتە: خواردنی تەماتە بە کاڵی هیچ زیانێکی نییە؛ بەڵام توێژینەوەیەک لە زانکۆ «کۆرنێل» دەریخست کە چالاکیی ئەنتی‌ئۆکسیدەنتەکانی ناو تەماتەی کوڵاو زیاترە لە تەماتەی کاڵ. تەمامە یەک لەو سەوزەواتانەیە کە زۆرترین بەوکەوتنی لەگەڵ مەوادی کیمیاوی دەبێت بۆ لەناو بردنی ئافەتی گژ و گیا. کەوابوو وا باشە بەر لە خواردن بە باشی بیشۆنەوە.

قارچک: لە پێکهاتەی قارچکی کاڵدا مادەیەکی تێدایە بە ناوی "ئاگاریتین/ Agaritine". توێژینەوەیەک دەریخست کە ئەم مادەیە هۆکارە بۆ پێکهاتنی شێرپەنجە لە میزەڵدانی مشکدا. ئەگەرچی ئەم مەترسییە لەسەر مرۆڤ لەوانەیە کەمتر بێت بەڵام بۆ دڵنیایی واباشە قارچک بە کاڵی نەخۆن.

 

سەرچاوە: brightside، eatthis

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved