21/2/2021 06:01 PM

ئەم خۆراکانە مێشک بەهێز دەکەن

ئەو خۆراکانەی دەیانخۆین دەتوانن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر دەروون، هەست و تواناییەکانی ئێمە هەبێت. لەم نێوەندەدا کۆمەڵێک خۆراک هەن کە دەبنە هۆی بەهێزبوونی چالاکییەکانی مێشک و بیرگە. زۆرینەی ئەم خۆراکانە ئۆمێگا3ـیان تێدایە کە بەرگیری لە لەناوچوونی عەقڵ/ ئاوەز دەکەن. لەدرێژە لەگەڵ بەشێک لەم خۆراکانە ئاشنا دەبین.

چەرەسات: زۆرینەی چەرەساتەکان ڤیتامین Eـیان تێدایە کە تایبەتمەندیی ئەنتی‌ئۆکسیدەنتیان هەیە. گوێز بەتایبەتی بەسوودە بۆ بیرگە، لەناوچوونی دڵەڕاوکێ و بەهێزبوونی توانستی فێربوون. فستق، بادەم و بادەمی هیندی بەشێکن لە چەرەساتە بەسووەکان.

ماسیە چەورەکان: 60٪ـی مێشکی مرۆڤ لە چەوری پێکهاتووە و هەر بۆیە بۆ ئەوەی کارکردێکی نۆرماڵی هەبێت پێویستی بە رادەیەکی بەرچاو لە چەورییە تەندروستەکان هەیە. ماسی سەلەمون یەکێک لەو ماسیانەیە کە چەورییەکی باش لە گۆشتەکەیدا پاشەکەوت بووە.

هێلکە: هێلکەی مریشک دەوڵەمەندە بە مادەیەک بە ناوی «کۆلین» کە عەسەبەکانی مێشک پێویستیان پێیەتی. کۆلین لە جەستەدا دەبێت بە راگوێزەرێکی عەسەبی و رۆڵێکی گرنگی لە چالاکییەکانی مێشکدا هەیە. زۆرینەی مادەی کۆلین لە زەردێنەی هێلکەدا کۆ بووەتەوە.

ئەو سەوزەواتانەی گەڵایان هەیە: ئەم جۆرە سەوزانە دەوڵەمەندن بە فۆلات، لوتئین و ڤیتامین E کە بەرگیری لە لاوازبوونی مێشک دەکەن. باشترین سەوزەواتە گەڵادارەکان ئەوانەن وا ئەنتی‌ئۆکسیدەنت و ڤیتامینی لوتئین لە پێکهاتەکەیاندا هەیە کە کاریگەری بەرچاویان لەسەر تەندروستیی چاو و مێشک هەیە. سپیناخ و کەلەرم بەشێکن لەم سەوزانە.

ناوکە کوولەکە: ناوکی کوولەکە ژەمە خۆراکێکی گونجاوە بۆ مێشک بەو مەرجەی لەگەڵ شیر تێکەڵ نەکرێت، چونکە ئەنتی‌ئۆکسیدەنتەکانی لەناو دەچن. ناوکە کوولەکە پڕاوپڕە لە زینک، مادەیەک کە پەیوەندیی نێوان خانەکانی مێشک رێک دەخات.

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved