22/2/2021 04:58 PM

گەنجترن ژنی جیهان بە سەوڵ‌لێدان زەریای ئەتڵەسی بڕی

«جاسمین هاریسۆن»، خاتوونێکی تەمەن 21 ساڵی بەریتانییە و پاش کۆتایی‌هێنان بە گەشتە 4,800 کیلۆمەترییەکەی لە ئیسپانیاوە تا ئانتیگوئا، ئێستا بە گەنجترین ژنی جیهان دێتە ئەژمار کە توانیویەتی زەریای ئەتڵەسی بە تەنها ببڕێت. هاریسۆن چەلنجی "تێپەڕین لە زەریای ئەتڵەسی" کە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی خواردنەوەی کحولی رێکی خستبوو، رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە و لە ماوەی 70 رۆژ و 3 کاتژمێر و 48 خولەکدا، کۆتایی پێهێنا و تۆمارێکی نوێی لە بەشی گەنجترین ژنی جیهان کە ئەم کارە ئەنجام دەدەن دەستەبەر کرد.
هاریسۆن لە تویتێکدا نووسیویەتی، لە رێگەی گەشتەکەیدا زۆری نەمابوو لەگەڵ ئامێرێکی هەڵکەندنی ژێردەریایی تووشی پێکدادان بێت، گەمییەکەی دوو جار سەروبن بوو و بڕێکی زۆر نۆتێللای خواردبوو. ئەم خاتوونە گەنجە کە خەڵکی شاری "یۆرکشێر"ـی بەریتانیایە، لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا نووسیویەتی لە ساڵی 2018ـدا لە ناوچەی «کارائیب» سەرقاڵی فێربوونی مەلەوانی بوو کە لەگەڵ هێڵی کۆتایی چەلنجی ئەو ساڵەی ئەو کارگەیەی باسی کرا رووبەڕوو بووەوە و هەر ئەم رووداوە هانی دا لەم چەلنجەدا بەشداری بکات.
ئەو لەم بارەوە نووسویەتی: «تەنها سەیرکردن و راگرتنی مەشغەڵی کۆتایی کێبەرکێکە نەبوو کە بووە هاندەرم، بەڵکوو لێدوان لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەشم لەسەر کاریگەر بوو کە ئەویش لەم چەلنجەدا بەشداری کردبوو و پێی گوتم ئەزموونێکی ناوازە بووە.»
هاریسۆن دەڵێ هیوادارم ئەم کارەی من کردن هاندەرێک بێت بۆ گەنجەکانی دیکە و پێیان بڵێت کە دەتوانن بە تەنها گەشتێکی لەم چەشنە ئەنجام بدەن.

 

سەرچاوە: CNN

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved